News and events‎ > ‎

بەشی مێژوو سیمپۆزیۆمێکی بۆ جەژنی نەورۆز سازکرد

posted Apr 4, 2019, 12:49 PM by Barham Khalid Ahmed
بەشی مێژووی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان یەکەمین سیمپۆزیۆمی زانستی بە ناونیشانی نەورۆز لە نێوان ئەفسانە و مێژوودا سازکرد و بە چەند چالاکییەکیش جەژنی نەورۆزی پیرۆزکرد.

رۆژی پێنجشەممە ٤ی ٤ی ٢٠١٩ بەمەبەستی   پیرۆزکر راگرتنی جەژنی نەورۆز بەشی مێژووی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە هۆڵی کۆماری کۆلێژ یەکەمین سیمپۆزیۆمی زانستی خۆی سازکرد. هاوکات لە پەراوێزی سیمپۆزیۆمەکەدا چەند چالاکیەکی هونەری بەڕێوەچوو.

سەرەتای سیمپۆزیۆمەکە د.ئامانج حەسەن، یاریدەدەری راگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە وتەیەکدا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی کرد و بە ناوی راگرایەتی کۆلێژەوە بەخێرهاتنی میوانەکانی کردو  دەستخۆشی لە بەشی مێژوو کرد بۆ سازدانی چالاکیەکە بۆ بەرز راگرتنی جەژنی نەورۆز کە بە هۆی پشوی بەهارەی زانکۆوە نەتوانرا لە کاتی خۆی ئەنجام بدرێت، پاشان د. پشکۆ ئاغجەلەری سەرۆکی بەشی مێژوو لە وتەیەکدا تیشکی خستە سەر ئامانجی سازکردنی سیمپۆزیۆمەکە بۆ زیاتر ناساندنی جەژنی نەورۆز و ئاشناکردنی خوێندکاران بە ریشەی مێژوویی نەورۆز و رەواندنەوەی گومانەکان لەسەر ئەو بۆنە نەتەوایەتییە.

دواتر سیمۆزیۆمەکە بەڕێوەچوو کە لە لایەن پ.ی. د. سۆزان کەریم بەڕێوەچو و تێیدا  پ.ی.د. زریان سالار حاجی بابەتێکی بە ناونیشانی کاوە و زوحاک و کورد لە نوسراوەکانی مێژووی شارستانیەتی ئیسلامیدا پێشکەشکرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ئەو بابەتە لە مێژوی ئیسلامیدا بەو پێیەی ریشەیەکی کۆنی هەیە و لە زۆرێک لە بەڵگە مێژووییەکاندا ئەوە سەلمێنراوە کە ئەو جەژنە بۆ کوردیش هاوشێوەی زۆرێک لە گەلانی دیکە بۆنەیەکی نەتەوەییە و تەنها وەک هاتنی بەهار و کۆتایی زستان تەماشا نەکراوە. دواتر پ.ی.د. کۆزاد محەمەد لە بابەتەکەیدا بە ناونیشانی راستی نەورۆز لە دیدی مێژو و شوێنەواردا ئەوەی خستەڕوو کە ریشەی نەورۆز تەنانەت بۆ پێش دەوڵەتی ماد دەگەرێتەوە  و وەک بەشێک لە مێژوی کۆنی کورد ئەژمار دەکرێت و دەربارەی ئەفسانە بونی نەورۆزیش باسی لەوە کرد ئاسایی وەک مێژووی گەلانی دیکە دەکرێت ئەفسانەکانیش وەک بەشێک لە مێژوو ئەژمار بکرێن و شانازییان پێوەبکرێت هەروەها  پ.ی.د. کەیوان ئازاد ئەنوەر بابەتەکانێکی دەربارەی نەورۆز لە  نێوان ئەفسانە و مێژوو پێشکەشکرد و  ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە کوردیش وەک زۆرێک لە گەلانی دنیا مافی خۆیەتی شانازی بە جەژنی نەتەوەیی نەورۆز بکاتەوەو بەدەر لە بابەتی ئەفسانە وەک بەشێک لە مێژووی خۆی تەماشای بکات و یادی بکاتەوە. لە کۆتاییدا ژمارەیەک لە ئامادەبوان بە سەرنج و پرسیارەکانیان بابەتەکەیان دەوڵەمەندترکرد.

لە بەشێکی دیکەی چالاکیەکەدا خوێندکارانی بەشی مێژوو بە مەشخەڵی نەورۆزەوە نمایشێکی هونەرییان پێشکەشی ئامادەبوان کرد و دواتر شانۆییەک دەربارەی جەژنی نەورۆز پێشکەشکرا و پاشان ئاگری نەورۆز لە گۆڕەپانی کۆلێژ کرایەوە و بە شیعر و گۆرانی  و هەڵپەڕکێ یادەکە پیرۆزکرا کە ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و خۆێندکاران و میوانانی دەرەوە بە جلوبەرگی کوردییەوە ئامادەی بوون.

لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا د. پشکۆ ئاغجەلەری سەرۆکی نوێی بەشی مێژوو بڕوانامەی رێزلێنانی پێشکەش بە د. ئاکۆ شوانی سەرۆکی پێشوی بەشەکە کرد لە پای خزمەت و ماندوبونی لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی بەشەکەدا.




Comments