News and events‎ > ‎

بەشی راگەیاندن چالاکی ساڵانەی خۆی رێکخست

posted May 6, 2016, 12:41 PM by Barham Khalid Ahmed   [ updated May 6, 2016, 1:10 PM ]


رۆژی پێنجشەممە ٢٠١٦/٥/٥ بەشی راگەیاندنی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان چالاکی ساڵانەی خۆی رێکخست کە تێیدا پێشانگایەکی فۆتۆجۆرنالیزم کرایەوەو چەندین بەرهەمی خوێندکارانی بەشەکە  لە راپۆرتی تەلەفزیۆنی و رۆژنامە خرانەڕوو.

کاتژمێر ١٠:٣٠ ی بەیانی بە ئامادەبونی د. جەزا تۆفیق تاڵیب، راگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکان و د. ئیبتیسام قادر، سەرۆکی بەشی راگەیاندن و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی بەشە جیاوازەکانی کۆلێژ و خوێندکاران و میوانانی دەرەوەو کەناڵەکانی راگەیاندن چالاکیەکان دەستی پێکرد.

سەرۆکی بەشی راگەیاندن دەربارەی چالاکیەکە رایگەیاند کە وەک نەریتێکی ساڵانە کارو بەرهەمەکانی خوێندکاران لە بەشەکەیان دەخرێنەڕوو لە پێناو هاندانی خوێندکاران بۆ کارکردن وەک بەشێک لە وانەکانیان، د.ئیبتیسام قادر وتیشی "سەرەڕای قەیرانی دارایی و کۆسپەکانی بەردم پرۆسەی خوێندن ئەمساڵیش توانیمان بە هاوکاری مامۆستایان و هەوڵی خوێندکاران چالاکیەکە ئەنجامبدەین ".

لە چالاکیەکەدا پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ خوێندکارانی بەشەکە کرایەوە و ژمارەیەک فۆتۆی رۆژنامەنوسی تێدا پیشاندرا، هەروەها چەندین بەرهەمی دەرهێنان و ئامادەکاری تەلەفزیۆنی لە ڕیکلام و راپۆرت و پرۆمۆ کە لەلایەن خوێندکارانەوە ئامادەکرابو پێشکەش بە ئامادەبوان کرا.

مامۆستا پاڤێ جەمیل، مامۆستای فۆتۆجۆرنالیزم لە بەشی راگەیاندن رایگەیاند کە لە رێەی ئەم کارانەوە دەیانەوێت خوێندکاران ئاشنا بە کاری پراکتیکی و مەیدانی بکەن لە پێناو راهێنانیان لەسەر کاری رۆژنامەنوسی. وتیشی :" کارەکان لە ئاستێکی باشی رۆژنامەنوسیدابون بەپێی بنەما زانستیەکان ئەوەش مایەی دڵخۆشی ئێمەیە کە خوێندکاران سەرەڕای وانەکان دەتوانن بە مەیدانیش کار لەسەر بوارە جیاجیاکانی رۆژنامەگەری بکەن تا بتوانن پاش خوێندن هەلی کار لە دەزگا راگەیاندنەکان بەدەست بێنن".

لە بەشێکی دیکەی چالاکیەکەدا خوێندکار لاڤە واحید لە قۆناغی دووەم بە چەند گۆرانییەک بەشداری کرد و لە کەشێکی هونەریدا چەند بەستەیەکی کوردی پێشکەش بە ئامادەبوان کردو هەروەها خوێندکاری هەمان قۆناغ داستان دلێر بە خوێندنەوەی چەند پارچە هۆنراوەیەکی خۆی بەشداری چالاکیەکەی کرد.

 

Comments