News and events‎ > ‎

چلەی ماتەمی د.حەسەن عەجیل بەڕێوەچوو

posted Mar 6, 2018, 9:17 AM by Barham Khalid Ahmed   [ updated Mar 6, 2018, 11:17 AM ]


 


رۆژی یەکشەممە ٤ی ئاداری ٢٠١٨ کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکان مەراسیمێکی بۆ چلەی ماتەمی پرۆفیسۆری یاریدەدەر حەسەن عەجیل بەڕێوەبرد کە رۆژی ٢٧ ی کانونی دووەم کۆچی دواییکرد.

مەراسیمەکەدا کە بنەماڵەی کۆچکردو و  ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و خوێندکاران ئامادەی بوون بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکرد و پاشان ئامادەبوان چەند ساتێک بۆ گیانی کۆچکردو و تەواوی شەهیدانی کوردستان بە بێدەنگی راوەستان. دواتر د. ئاراس فەریق زەینەڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران وتەی سەرۆکی زانکۆی پێشکەشکرد  و هاوخەمی سەرۆکایەتی زانکۆی بۆ لەدەستدانی د. حەسەن عەجیل دوپاتکردوە و رۆڵ و بەشداریی کۆچکردوی لە پێشخستنی زانستدا بەرزنرخاند.

دواتر د. ئیبتیسام ئیسماعیل راگری کۆلێژ وتەیەکی پێشكەشکردوو تیشکی خستە سەر ئەزمون و خزمەتی پرۆفیسۆر حەسەن عەجیل کە بەشێکی زۆری بۆ خزمەتی زانست و خوێندن لە بەشی کۆمەڵناسی تەرخانکرد و ستایشی رۆڵی زانستیانەی کۆچکردووی کرد ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆچکردوو یەکێک بوە لە دامەزرێنەرانی بەشی کۆمەڵناسی و سەرپەرشتی چەندین نامەی ماستەر و دکتۆرای کردووە.

لە بەشیکی دیکەی ماتەمینیەکەدا خەڵاتی رێزلێنانی کۆلێژ بەخشرایە بنەماڵەی کۆچکردوو هەروەها خەڵاتی رێزلێنانی خوێندکاران و هاورێیانی د. حەسەن عەجیل پێشکەشی بنەماڵەکەی کرا.

پاشان وەک رێزلێنانێک بۆ تەمەنی کۆچکردوو ٦١ مۆم داگیرسێنرا و فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریش دەربارەی ژیان و بەرهەمی د. حەسەن عەجیل نمایشکرا و لە کۆتاییشدا کچی کۆچکردوو وتاری بنەماڵەی پێشکەشکردوو سوپاسی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکانی کرد بۆ رێکخستنی ئەو مەراسیمە.


Comments