لە چوارچێوەی چالاکیەکانی یادی ٥٠ ساڵەی دامەزراندنی زانکۆی سلێمانی، سبەی دووشەممە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان چوارەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بەناونیشانی (سلێمانی مێژوویەکی دێرین ئەمڕۆو سبەی پرشنگدار) سازدەکات کە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت. کارەکانی کۆنفرانسەکە کاتژمێر ٩،٣٠ خولەکی رۆژی دووشەممە ١٢ی ١١ی ٢٠١٨ لە هۆڵی کۆماری کوردستان لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان دەستپێدەکات و تێیدا ٣٣ توێژینەوە پێشکەش دەکرێن کە تایبەتن بە مێژوو، جوگرافیا و بواری راگەیاندن و زمانەوانی و دۆخی کۆمەڵناسی و شوێنەوار و کەلتوریی فەرهەنگی تایبەت بە شاری سلێمانی. توێژینەوەکان لە لایەن توێژەرانی ناوخۆ و بیانییەوە نێردراون بۆ کۆنفرانس و لە لایەن لیژنەی زانستی کۆنفرانسەوە پەسەندکراون. کۆنفرانسی (سلێمانی مێژوویەکی دێرین ئەمڕۆو سبەی پڕشنگدار) بە چاودێری سەرۆکی زانکۆ و لە درێژەی چالاکییەکانی یادی یۆبیلی زێڕینی دامەزراندی زانکۆی سلێمانیدا ئەنجام دەدرێت. |
News and events >