News and events‎ > ‎

چوارەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان کۆتاییهات

posted Nov 13, 2018, 9:49 AM by Barham Khalid Ahmed   [ updated Nov 13, 2018, 11:09 AM ]

بە خستنەڕووی کۆمەڵێک راسپاردە و پێشنیار بۆ بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، چالاکییەکانی چوارەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان کۆتاییهات کە لەژێر ناوی سلێمانی مێژووییەکی دێرین.. ئەمڕۆ و سبەی پرشنگدار بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.

رۆژی سێشەممە ١٣ی ١١ی ٢٠١٨ بە ئەنجامدانی پێنج پانێڵ کە تێیدا چەند توێژینەوەیەک دەربارەی دۆخی مێدیا و مێژوو و کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی پێشکەشکران، کارەکانی چوارەمین کۆنفرانسی زانستی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی کۆتاییهات.

د. ئاکۆ شوانی، وتاری لیژنەی زانستی کۆنفرانسی خوێندەوە کە تێیدا ٣٣ توێژینەوە لە ناوخۆی کوردستان و عێراق و ئێران و ئەمریکا و ژاپۆن لە ماوەی دوو رۆژی کۆنفرانسدا پێشکەشکران.

کۆنفرانس لە ئەنجامی تاوتوێکردنی توێژینەوەکان و گفتوگۆکان چەند راسپاردەیەکی خستەڕوو کە ئەمانەن:

١- گرنگیدانی هەریەک لە پارێزگا و سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بە ناوەڕۆکی توێژینەوەکان و بە هەند وەرگرتنیان، چونکە دەچنە خانەی پسپۆڕی و دەسەڵاتی ئەو دوو دەزگایە.

٢- هەوڵبدرێت ساڵانە و لە یادی دامەزراندنی شاری سلێمانی چالاکی زانستی ئەنجام بدرێت لە سەرجەم بوارەکانی تایبەت بە مێژوو، جوگرافیا، زمان و ئەدەب و شوێنەوار و راگەیاندن و بوارەکانی دیکە  کە دەتوانرێت ببێتە بەردی بناغەی داڕشتنی ئینسایکلۆپێدیایەک بۆ شاری سلێمانی و دەوڵەمەندکردنی هەر کارێکی دیکەی هاوشێوە.

٣- راسپاردنی مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە زانکۆی سلێمانی بە گرنگیدان بە توێژینەوە سەبارەت بە شاری سلێمانی لە سەرجەم بوار و لایەنەکاندا.

٤- فەراهەمکردنی کەشێکی گونجاو بۆ کاری مێدیایی لە شاری سلێمانی کە تێیدا بنەماکانی ئیتیکی رۆژنامەوانی رەچاوبکرێت کە سەرەنجام لەو رێگایەوە مێدیا رۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت کە ببێتە مایەی ئاسودەیی کۆمەڵایەتی بۆ هاوڵاتیانی شارەکە بە تایبەت لە دۆخە نائاسایی و قەیرانەکاندا.

٥- دابینکردنی زەمینەی لەبار بۆ مێدیاکارانی مێیینە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە توانای مێیینە لە دامەزراوە مێدیاییەکاندا زیاتر بەرجەستە ببێت و رۆڵی خۆیان لە بەرەوپێشبردنی کاری مێدیایدا ببینن و سیمایەکی شارستانی زیاتر بە شاری سلێمانی ببەخشن.

٦- پاراستنی بینا کەلتورییەکان و گەڕەکە دێرینەکانی شاری سلێمانی.

٧- ئەرشیفکردنی سەرجەم بەڵگەنامە پێویست و پەیوەندیدارەکان بە دامودەزگاکانی شاری سلێمانی.

٨- پاراستنی شوێنەوارەکانی سلێمانی و گونجاندنیان بۆ مەبەستی گەشتوگوزار.

٩- دامەزراندن و گرنگیدان بە مۆزەخانەی تایبەتمەند.

١٠- گرنگیدان بە بواری ژینگەیی شاری سلێمانی کە بە هۆی زیادبونی ژمارەی دانیشتوانی دەبێتە هۆی زیاتر بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و زیاتر بەکاربردنی سوتەمەنی و پاشەڕۆکان کە دەبنە هۆی پیسبونی ژینگەی سلێمانی کە پێویستە رێوشوێن و چارەسەری گونجاو لە ئاستیدا بگیرێتەبەر.

دواتر و لە کۆتایی کۆنفرانسدا بڕوانامەی رێزلێنان بەخشرایە توێژەرانی بەشداری کۆنفرانس و ئەندامانی لیژنەی زانستی و ئامادەکاری کۆنفرانس.




Comments