News and events‎ > ‎

دیبەیتی کاریگەری مێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە زیادبونی توندوتیژی دژی ئافرەتان بەڕێوەچوو

posted Dec 2, 2018, 11:21 AM by Barham Khalid Ahmed

سەنتەری یەکسانی جێندەری زانکۆی سلێمانی بە هاوبەشی رێکخراوی UNFPA  و کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دوو پانێڵیان رێکخست و تێیدا تیشک خرایە سەر کاریگەری مێدیای و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە زیادبونی توندوتیژی دژی ئافرەتان.


لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەڵمەتی نیشتمان بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران و مامۆستایان و میوانانی دەرەوەی زانکۆ، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ی ١٢ی ٢٠١٨ دوو پانێڵ لە هۆڵی کۆمار لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان بەڕێوەچوو لە ژێر ناوی كاریگەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیا لە زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان کە سەنتەری جێندەری زانکۆ و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەهاوكاری رێکخراوی UNFPA رێکخرابوو.


سەرەتا پێشانگایەكی فۆتۆگرافی لەسەر ژیان و رەوشی ژنان کە بەرهەمی خوێندکارانی بەشی راگەیاندن بوو چالاکیەکەکە دەستی پێکرد. پاشان ئامادەبوان چەند ساتێك وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان. دواتر د. کاوە ئەمین، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی وتاری سەرۆكایەتی زانكۆی پێشکەشکردوو تیشکی خستە سەر گرنگی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا و ئامادەیی زانکۆی دوپاتکردەوە بۆ هاوکاری هەر رێکخراو و لایەنێک کە لەم بوارەدا خزمەت بکات. پاشان د. عومەر وتاری رێكخراوی UNFPA خوێندەوە و سوپاسی زانکۆی سلێمانی و کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی کرد بۆ  هاوکاریکردن لە رێکخستنی چالاکییەکە و ئاماژەی بە رۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد لە زیادبونی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە و گرنگی ئەم جۆرە پانێڵانەی خستەڕوو لە کەمکردنەوەی ئەو توندوتیژیانە و هۆشیارکردنەوەی ژنان.


پاشان كورتە فیلمێك تایبەت بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ژن پێشكەشكرا  کە بیرۆکەکەی لە چیرۆکێکی راستەقینە وەرگیرابوو کە چۆن کچێک بە هۆی هەڵە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ژیانی تێکدەچێت و توشی کێشە دەبێتەوە.

 

دواتر پانێڵی یەکەم دەستی پێکرد کە لەلایەن سەمیرە محەمەد، چالاکی بواری ژنان بەڕێوەبراو  و تێیدا  مامۆستا بەرهەم خالید، مامۆستا لە بەشی راگەیاندن بابەتێکی سەبارەت بە  ژن و خێزان و سۆشیال میدیا پێشکەشکرد و تیشکی خستە سەر ئەو لایەنانەی کە لە رێگەیەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هۆکاری زیادبونی توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانیەوە دژ بە ژنان. هەروەها هێمن عبدلقادر،  توێژەری كۆمەڵایەتی بابەتێکی پێشکەشکرد دەربارەی فراوانبونی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی لەسەر کۆمەڵگای کوردی و هەروەها تیشکی خستە سەر ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی و  هۆکارەکانی زیادبونی تاوانە ئەلکترۆنییەکان و چۆنیەتی رێگریکردن لێیان.


پاشان د.پاڤێ جەمیل، مامۆستا لە بەشی راگەیاندن بابەتێکی  پێشکەشکرد دەربارەی بەربەستی بەردەم رۆژنامەنووسی ژن لە کوردستان و تێیدا بە وردی ئەو ئاستەنگ و رێگرییانەی خستەڕوو کە دێنە رێی ژنانی رۆژنامەنوس لە کوردستان و لەو بارەیەوە باسی خێزان و کۆمەڵگا و ئاستەنگە کەلتوری و کۆمەڵایەتی و یاسایی و پیشەییەکانی خستەڕوو، هەروەها هەڵسەنگاندنی کرد بۆ دەزگاکانی راگەیاندن و رێکخراوەکانی تایبەت بە رۆژنامەنوسانی لەوبارەیەوە. دواتر مقەدەمی یاسایی جەبار سەعید بابەتێکی پێشکەشکرد دەربارەی كێشەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و رۆڵی هێزەكان ناوخۆ لە چارەسەركردنی  و تێیدا چەند ئامار و  کەیسێکی خستەڕوو کە  چۆن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خراپ بەکارهێنانیان بونەتە کێشە بۆ ژنان  و کچانی کوردستان و رۆڵی دەزگای ئاسایشی باسکرد لە رێگریکردن لە تەشەنەکردنی تاوانە ئەلکترۆنیەکان و بنەبڕکردنیان.


پاشان پانێڵی دووەم  بەڕێوەچوو کە لەلایەن مامۆستا تەلار عەلی، لێپرسراوی سەنتری جێندەری زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو. سەرەتا د.سەیران تەها ئەحمەد، مامۆستا لە کۆلێژی یاسا بابەتێکی پێشکەشکرد دەربارەی توندوتیژی سیاسی بەرامبەر بە ژن و تێیدا باسی لەو ئاستەنگ و رێگریانە کرد کە لە رووی سیاسییەوە بەرامبەر ژنا ن دەکرێت و هەروەها تیشکی خستە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان لە بەشداری سیاسی و گەیشتن بە پۆست و پلە باڵاکانی حکومەت و ناوەندەکانی بڕیار لە کوردستان و عێراق. پاشان رۆژنامەنوس هانا شوان بابەتێکی پێشکەشکرد دەربارەی سۆشیال میدیا و لێكەوتەكان لەسەر ژنان و كچانی گەنج و تێیدا چەند داتا و ئامارێکی خستەڕوو کە لە ئەنجامی کاری چەند رێکخراوێک لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە دەربارەی لێکەوتەکانی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لای ژنان و کچان و هەروەها رۆڵی مێدیاکانی باسکرد لە خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ روداوەکانی تایبەت بە ژنان  کە دەبنە هۆی زیادبونی توندوتیژی.


پاشان د.مهاباد كامیل، مامۆستا لە بەشی زمانی کوردی زانکۆی سلێمانی بابەتێکی پێشکەشکرد دەربارەی كوشتنی كەسێتی ژن لە زماندا و تێیدا باسی لە رۆڵ و پێگەی زمان کرد لە هەر کۆمەڵگایەک و بە تایبەت لە کۆمەڵگای کوردی لە زیادبونی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بە تایبەت بەکارهێنانی وشە و دەربڕین و ئیدیۆم کە ئاماژەی توندوتیژی زمانی تێیدا بێت دژ بە ژنان لە ناو دەزگاکانی راگەیاندن و ناوەندەکانی فێرکردندا.


هەردوو پانێڵەکە بە بەشداری و سەرنج و پرسیاری ئامادەبوان دەربارەی بابەتەکان  دەوڵەمەندتر کراو بە وتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان کۆتایی بە چالاکیەکە هات.

 

Comments