News and events‎ > ‎

هەلێک بۆ خوێندکارانی راگەیاندن؛ خەڵاتی باشترین روماڵی تایبەت بە کەیسەکانی ژنان

posted Jan 30, 2016, 11:52 AM by Barham Khalid Ahmed


لە (٨ی مارس) رۆژی جیهانی ژناندا گۆڤاری ژن پێشبڕکێی دیاریکردنی باشترین سێ راپۆرتی رۆژنامەنووسی رادەگەیەنێت کە لەبارەی پرسەکانی ژنانەوە ئامادە کرابێت.


دیاریکردنی سێ لە باشترین راپۆرتە رۆژنامەنووسییەکان و خەڵاتکردنیان هەوڵێکە بۆ هاندانی رۆژنامەنووسان بەمەبەستی زیاتر بایەخدان بە رووماڵکردنی کەیسەکانی ژنان و بەشداریپێکردنی میدیا لە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی و بەرپرسیارکردنی هەمووان لەبەرامبەر بە باشکردنی ژیانی ژنان.

بۆ ئێمە بەبێ جیاوازی روماڵکردنی هەموو ئەنگڵە جیاوازەکانی تایبەت بە ژیانی ژنان جێگەی گرنگی و بایەخە، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا بەپێویستی دەزانین زیاتر گرنگی پێبدرێت لە روماڵکردنە رۆژنامەنووسییەکاندا بریتین لە:

١- راپۆرتی بنکۆڵکاری کە زانیاری نوێ لەسەر کەیسێکی کوشتن یان تاوانکاری بەرامبەر بە ژنان ئاشکرا دەکات.

٢- راپۆرت دەربارەی کەیسی ژنانی ئێزیدی.

٣- ستۆری دەربارەی ژنێکی سەرکەوتوو کە وێڕای ئاستەنگییەکان توانیویەتی ئەزمونێکی سەرکەوتوو پێشکەش بکات.

ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری لەو پێشبڕکێیەدا بکەن دەتوانن راپۆرتەکانیان لەگەڵ وێنەیەک لە کۆپی ئەو رۆژنامە یان وێبسایتە بنێرن کە راپۆرتەکەی تێدا بڵاوکرابێتەوە، بۆ ئەم ئەدرێس ئیمەیڵە:

competitionzhin@gmail.com

بۆ بەشداری کردن لەو پێشبڕکێیەدا مەرجە راپۆرتەکە لەبەرواری ١/٢/٢٠١٦ بۆ ١/٣/٢٠١٦ لەیەکێک لە رۆژنامە یان گۆڤار یان وێبسایتەکاندا بڵاوکرابێتەوە.

راپۆرتە نێردراوەکان لەلایەن لیژنەیەکی سێ کەسی لە رۆژنامەنووسی بەئەزمونەوە هەڵدەسەنگێندرێن و دواتر لە بەرواری ٨/٣/٢٠١٦ لە مەراسیمێکی تایبەتدا ناوی براوەکان ئاشکرادەکرێن.

گۆڤاری ژن، گۆڤارێکی مانگانەی سەربەخۆی تایبەت بە روماڵکردنی کەیسەکانی تایبەت بە ژنانە کە لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستاندا بڵاودەبێتەوە.

ئەو گۆڤارە هەتا ئێستا ١٠ ژمارەی لێ دەرچووە، لەسەرەتاوە یەکێک بووە لە پڕۆژەکانی IMS رێکخراوی پاڵپشتی نێودەوڵەتی میدیا و ئێستاش لەلایەن رێکخراوی PDO خەڵک بۆ گەشەپێدان بەڕێوەدەبرێت.

Comments