News and events‎ > ‎

کارەکانی کۆنفرانسی کێشەکانی ئاو و شێوازەکانی روبەڕوبونەوەی دەستیپێکرد

posted Apr 23, 2019, 12:43 PM by Barham Khalid Ahmed

کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان پێنجەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی خۆی بە ناونیشانی کێشەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان و شێوازەکانی روبەروبونەوەی دەستپێکرد کە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا ٣٢ توێژینەوەی زانستی دەربارەی کێشەکانی ئاو دەخرێنەڕوو.

رۆژی سێشەممە ٢٣ی ٤ی ٢٠١٩ بە چاودێری د.رەزا حەسەن، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و بە سەرپەرشتی د. ئیبتیسام ئیسماعیل، راگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان کارەکانی پێنجەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان دەستیپێکرد کە ماوەی ٢ رۆژ دەخایەنێت.

سەرەتای کۆنفرانسەکە وەک رێزلێنانێک بۆ ماندوبون و هەوڵە زانستییەکانی، هۆڵێک بە ناوی مێژوونوسی گەورەی کورد، د. کەمال مەزهەر کرایەوە و کە هاوشان لەگەڵ هۆڵەکانی کۆماری کوردستان و بابان دانیشتنەکانی ئەم کۆنفرانسە و چالاکییە زانستییەکانی دیکە لە خۆدەگرێت.

سەرەتای کۆنفرانسەکە کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەکادیمیان و مامۆستایان و شارەزایانی بواری ئاو ئامادەی بوون د. ئیبتیسام ئیسماعیل قادر، راگری کۆلێژو  سەرپەرشتیاری کۆنفرانس وتارێکی پێشکەشکرد و وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان ستایشی رۆڵی سەرۆکی زانکۆی کرد کە پاڵپشتی کۆنفرانس و چالاکییە زانستیەکان دەکات لە پێناو زیاتر بەرەوپێشبردنی زانکۆی سلێمانی. هەروەها ئاماژەی بە گرنگی کۆنفرانسەکە کرد کە باسی کێشەکانی ئاو دەکات  وەک سەروەتێکی نیشتمانی و گرنگی لە بواری ژیاری و ئابوری بۆ هەرێمی کوردستان بە جۆرێک کە گرنگییەکەی ئەگەر زیاتر نەبێت هیچی کەمتر نییە لە سامانی نەوت و سامانە سروشتیەکانی دیکە بۆیە وتیشی دەکرێت ئەم کۆنفراسە هەوڵێکی جدی و زانستی بێت لە پێناو زیاتر گرنگی دان بە ئاو و پێدانی بەرچاو روونی زانستی بە دەسەڵاتداران لە پێناو گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست وبۆ پاراستنی ئاو لە هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی.

راگری کۆلێژ لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ئەم کۆنفرانسە بەرهەمی رەنج و ماندوبونی چەند مانگێکی مامۆستایان و توێژەرانە لە پێناو دەستنیشانکردنی گرفتەکانی بەردەم ئەم سەروەتە نیشتمانیە و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کێشانە لە رێگەی پێشنیازی زانستی و پراکتیکی لەم بوارەدا.

پاشان د. رەزا حەسەن، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە وتارێکدا  ستایشی ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسەی کرد و بە وردی باسی لە پێگەی ئاو کرد لە سەردەمی ئەمڕۆدا کە زۆرجار کێشەی سیاسی و جیۆپۆلتیکی لە نێوان وڵاتاندا دروست کردووە بە جۆرێک کە گرنگی ئاو لە ئێستادا هاوتای سامانە سروشتیەکانی دیکەی وەک نەوت و گازە.
 لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆكی زانكۆی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە دەکرێت  ناوەندە ئەکادیمییەکانی وەک زانکۆ لە رێگەی بەستنی کۆنفرانسی زانستی لەم چەشنەوە  دەستنیشانی ئەو كێشانە بكەن كە هۆكارن بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی ئاو لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەویش لە رێگەی بەرچاوروونکردنی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بە پلان و ستراتیجی نوێ و زانستییانە لە پێناو دەستبەسەرداگرتن و پاراستنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی كە سەروەتێكی گەورەی نیشتمانین بۆ هەرێمی کوردستان چ لە ئێستادا یاخود بۆ ئایندەی وڵاتەكەمان و پاراستنی ئاسایشی خۆراك لە کوردستان.

پاش وتاری سەرۆکی زانکۆ راستەوخۆ دانیشتنی سەرەتای کۆنفرانس دەستی بەکارەکانی کرد بە ناونیشانی پێگەی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی ئاو لە رۆژهەڵاتی ناوەراست کە تێیدا سێ توێژینەوەی زانستی پێشکەشکران. دواتر بە سێ دانیشتنی دیکە بەڕێوەچوون بە ناونیشانی کێشە جیۆپۆلیتیکی و سیاسییەکانی ئاو کە تێدا ٤ توێژینەوە خرانەڕوو هەروەها پانێڵی کێشەی بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی ئاو بە خستنەڕووی ٤ توێژینەوە و هەروەها پانێڵی کێشە سروشتییەکانی ئاو بە ٤ توێژینەوە.

لە پەراوێزی کۆنفرانسدا پێشانگایەکەی کاریکاتێری کرایەوە کە سەرجەمی بەرهەمە نمایشکراوەکان سەبارەت بە قەیرانی ئاو بون و لە لایەن کاریکاتێرستانی نێودەوڵەتی و ناوخۆییەوە گوزارشتیان لە مەترسی قەیرانی ئاو  و کێشەکانی پەیوەست بە ئاو دەکرد. بڕیاریشە سبەی لە دووەم رۆژی کۆنفرانسدا چەند دانیشتنێکی دیکەدە ژمارەیەک توێژینەوەی دیکە بخەرێنەڕو و کۆرتایی بە کارەکانی کۆنفرانس بهێنرێت.






Comments