News and events‎ > ‎

خولێکی بەرهەمهێنانی راپۆرتی مەڵتیمێدیا لە بەشی راگەیاندن بەڕێوەچوو

posted Oct 16, 2016, 1:02 PM by Barham Khalid Ahmed

بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی میوانداری خولێکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی راپۆرتی مەڵتیمێدیای کرد کە لە لایەن رێکخراوی بالیک ئ ئەڵمانی و بە سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا سازکرابوو.
رۆژی چوارشەممە ٢٠١٦/١٠/١٢ پاش چوار هەفتە خولی بەرهەمهێنانی راپۆرتی مەڵتیمێدیا کە بۆ بەشێک لە مامۆستایان و چەند رۆژنامەنوسێک لە بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی سازکرابوو کۆتایی پێهات.
خولەکە لەچوارچێوەی هەماهەنگی هەردوو زانکۆی سلێمانی و رێکخراوی بالیک بۆ کاری مێدیا و پەیوەندییە گشتیەکان بەڕێوەجوو کە چەند پسپۆڕێکی وڵاتی ئەڵمانیا وانەکانیان دەوتەوە.
کریستۆڤ سودمان، سەرپەرشتیار و یەکێک لە وانەبێژەکان دەربارەی خولەکە رایگەیاند کە بەرهەمهێنانی راپۆرتی مەڵتیمێدیا ئێستا یەکێکە لە ژانرە نوێیەکانی بواری مێدیا و زۆرێک لە مێدیاکان کاری لەسەر دەکەن بە پێکەوە گرێدانی رەگەزەکانی دەنگ و وێنە و ڤیدیۆ و تێکست بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم خولە بکەینەوە: "بەشداربوان ئامادەیی و بەشداری باشیان هەبوو توانرا کاری باش بەرهەمبهێنرێت ئەوە دڵخۆشی کردم و ئومێد دەکەم کاری زیاترمان هەبێت پێکەوە".
دەربارەی خولەکەو هەنگاوەکانی داهاتوو د.ئیبتیسام قادر، سەرۆکی بەشی راگەیاندن رایگەیاند کە ئەمە یەکەم هەنگاو نییە و لە ئایندە کاری هاوبەشی زیاترمان دەبێت لەگەڵ رێکخراوی بالیک و هەروەها ئەوەشی ئاشکراکرد کە گرێبەستێکی دوو ساڵەیان  لەگەڵ زانکۆی برێمەنی ئەڵمانیا واژۆ کردووە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش؛ لەوانە پرۆژەی ئاڵوگۆری خوێندکار و مامۆستا و رەخساندنی هەلی خوێندن بۆ خوێندکاران و مامۆستایان لە زانکۆکانی ئەڵمانیا. 



Comments