News and events‎ > ‎

خوێندکارانی بەشی راگەیاندنی زانکۆی کەرکوک سەردانی بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانیان کرد

posted Apr 16, 2019, 12:55 PM by Barham Khalid Ahmed   [ updated Apr 17, 2019, 11:32 AM ]
ژمارەیەک لە خوێندکارانی بەشی راگەیاندنی زانکۆی کەرکوک بە سەرپەرشتی چەند مامۆستایەکی بەشەکە سەردانی بەشی راگەیاندنی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکانیان کرد.
بەمەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە سیستمی خوێندنی راگەیاندن لە بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی رۆژی ١٦ی ٤ی ٢٠١٩ ژمارەیەک لە خوێندکارانی بەشی راگەیاندنی کۆلێژی ئادابی زانکۆی کەرکوک بە سەرپەرشتی چەند مامۆستایەکی بەشەکە سەردانی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانیان کرد و لە لایەن د. ئیبتیسام ئیسماعیل، راگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان و  د. سەلام نەسرەدین، سەرۆکی بەشی راگەیاندن و ژمارەیەک لە مامۆستایانی بەشەکەوە پێشوازیان لێکرا.

وەفدەکەی بەشی راگەیاندنی زانکۆی کەرکوک پێکهاتبون لە د. ظلال جبوری، بریاردەری بەشی راگەیاندن و د. نجات قادر، مامۆستای تەکنیکی مێدیا و و مامۆستایان سیف الدین حسین و همام قادر و خوێندکارانی قۆناغی یەکەم و دووەم لە هەردوو لقی رۆژنامەو تەلەفزیۆن.

 لە هۆڵی بابانی کۆلێژ د. ئیبتیسام ئیسماعیل لە وتەیەکدا بەخێرهاتنی کردن و کورتەیەکی دەربارەی کۆلێژ و بەشەکانی کۆلێژ و کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی پێشکەشکردن و پاشان کورتە باسێکی دەربارەی مێژووی بەشی راگەیاندن و دروستبونی کرد لە زانکۆی سلێمانی. پاشان د. سەلام نەسرەدین، سەرۆکی بەشی راگەیاندن باسێکی دەربارەی بەشەکە و ستافی ئەکادیمی و ژمارەی خوێندکاران و لقە جیاوازەکان و شێوازی خوێندن لە بەشەکە پێشکەشکردن. 

لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی کەرکوک هۆڵەکانی خوێندن و نیوز رووم و ستۆدیۆی بەشی راگەیاندنیان بەسەرکردنەوە لە چۆنێتی خوێندن لە بەشەکە ئاگادارکرانەوە.

لە کۆتاییدا لە دانیشتنێکدا لە نێوان وەفدی هەردوو بەشی راگەیاندن  گفتوگۆکرا دەربارەی هەماهەنگی زانستی بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی زانستی هاوبەش بە مەبەستی یەکخستنی پرۆگرامی خوێندنی راگەیاندن لە سەرجەم بەشەکانی راگەیاندندا هەروەها گفتوگۆکرا دەربارەی ئاڵوگۆڕی زانستی لە بواری راگەیاندندا. لە کۆتاییدا مامۆستایان و خوێندکارانی بەشی راگەیاندنی زانکۆی کەرکوک سوپاسی راگرایەتی کۆلێژ و سەرۆکایەتی بەشی راگەیاندنیان کرد بۆ پێشوازیکردنیان و ناساندنی کۆلێژ و بەشەکە بە خوێندکارانی بەشەکەیان.






Comments