News and events‎ > ‎

کۆنفرانسی کاری کۆمەڵایەتی لە ناوچە پڕململانێ سیاسییەکان دەستی بەکارەکانی کرد

posted Oct 21, 2019, 1:17 PM by Barham Khalid Ahmed

کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی هاوبەشی نێوان زانکۆی سلێمانی و زانکۆی پرۆتستانت بۆ زانستە کردارییەکان لە بۆخوم - ئەڵمانیا بە ناونیشانی کاری کۆمەڵایەتی لە ناوچە پڕململانێ سیاسییەکاندا-ئاڵنگاری و دەرفەتەکان لە سلێمانی دەستی بەکارەکانی کرد.

بە ئامادەبونی پرۆفیسۆری یاریدەدەر، د. رەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و د. ئیبتیسام ئیسماعیل، راگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان و سەرۆک و جێگری زانکۆی پرۆتستانتی ئەڵمانی و باربارا ۆڵف کونسوڵی گشتی ئەڵمانی لە هەولێر و ژمارەیەک لە سەرۆک و مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستان و میوانێکی زۆر، ئەمرۆ دووشەممە ٢١ی١٠ی ٢٠١٩ لە هۆڵی کۆماری کوردستان لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی کاروچالاکییەکانی کۆنفرانسی  (كاری كۆمەڵایەتی لە ناوچە پڕململانێ سیاسییەكاندا:ئاڵنگاریی و دەرفەتەكان) دەستیپێکرد  کە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.

سەرەتای کۆنفرانسەکە سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە وتەیەکدا ستایشی ئامادەکارانی کرد لە هەردوو زانکۆی کردو  بە گرنگیەوە ئەو هەوڵە زانستیەی هەڵسەنگاند بە تایبەت بۆ ناوچەیەکی وەک هەرێمی کوردستان و بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنی ئەم هەوڵە زانستیانە لە ئایندەدا. د. رەزا حەسەن ئەوەشی خستەروو کە هەمیشە زانکۆی سلێمانی هەوڵیداوە کە هەماهەنگی زانستی لەگەڵ زانکۆکانی جیهاندا هەبێت و هەروەها پەیوەندیشی بە رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانەوە لە ئاستێکی باشدایە لە پێناو گرێدانی بوارە ئەکادیمییەکان بە لایەنی مەیدانی و پراکتیکی لە پێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگا.

پاشان کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر، باربارا وۆڵف لە وتەیەکدا ستایشی ئەو هەماهەنگییەی کرد کە لە نێوان زانکۆیەکی ئەڵمانی و کوردستاندا ئەنجامدراوە و گرنگی کۆنفرانسەکەشی خستەڕوو لە بواری کاری کۆمەڵایەتی بە تایبەت بۆ ناوچەیەکی وەک هەرێمی کوردستان. هەروەها بەڵێنی هاوکاری حکومەتی ئەڵمانیای بە هەردوو زانکۆدا لە هەنگاوەکانی ئایندەیان لە بواری هەماهەنگی زانستی.

دواتر پرۆفیسۆر د. چنور قادری، جێگری سەرۆکی زانکۆی پرۆتستانت لە وتەیەکدا بە ناوی سەرۆکایەتی زانکۆی پرۆتستانت بۆ زانستە کردارییەکان لە بۆخوم - ئەڵمانیا هەماهەنگی نێوان هەردوو زانکۆی بەرزنرخاند و گرنگی ئەنجامدانی کۆنفرانسەکەی خستەڕوو لە کوردستان و عێراق بەو پێیەی ئەم ناوچەیە روبەروی چەندین جەنگ و ماڵوێرانی و ئاوارەبون و راگواستن و ململانێی چەکداری و سیاسیی بوەتەوە ئەوەش وادەکات وەها کۆنفرانسێکی زانستی ئامانجی خۆی بپێکێت و رۆڵی هەبیت لە دووبارە بنیاتنانەوەی خەڵکی ئەم ناوچەیە  بەتایبەت لە بوار و تایبەتمەندی کاری کۆمەڵایەتییدا. د.چنور قادری ئاماژەی بە گرنگی هەماهەنگی هەردوو زانکۆ و رۆڵی رێکخراوەکانی هاوکاری جیهانی و دادی ئەڵمانی کرد کە وەک هاوبەشی کۆنفرانسەکە بەشداریان کردووە.

دواتر د.کارین ملۆدۆخ، بەڕێوەبەری رێکخراوی هاوکاری کە هاوبەشی کۆنفرانسەکەیە لە وتەیەکدا ئەنجامدانی کۆنفرانسەکەی بە سەرەتای هەوڵێکی گرنگ وەسفکرد بۆ گرنگی هەماهەنگی نێوان زانکۆ و رێکخراوە ناحکومییەکان بە تایبەت کە توێژەران لە سەر ئاستی جیهان و لە کەلتور و پێشینەی جیاوازەوە لە یەک شوێندا سەرنج و توێژینەوەکانیان دەخەنەڕوو و گفتوگۆی بابەتێکی زیندوی وەک کاری کۆمەڵایەتی دەکەن و ئەوەی بە گرنگ زانی کە توێژەران و مامۆستایانی و ئەوانەی لە بواری کاری کۆمەڵایەتی کاردەکەن پێکەوە گفتوگۆی بابەتەکان دەکەن لە روانگە و ئەزمونە جیاوازەکانەوەو هیوای خواست لەم جۆرە هەوڵانە بەردەوام بن لە ئایندەدا.

دواتر کورتە ڤیدیۆیەک نمایشکرا دەربارەی مێژوی زانکۆی سلێمانی کە لەلایەن لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسەوە ئامادەکرابوو پاشان دەستکرا بە دانیشتن و پانێڵەکانی کۆنفرانس.

لە ماوەی دوو رۆژی کۆنفرانسدا زیاتر لە ٤٤ توێژینەوە پێشکەشدەکرێن کە دابەشکراون بەسەر ٧ پانێڵی جیاوازدا لە تەوەرە جۆراوجۆرەکانی کۆنفرانس، جگە لەوەش سێ وۆرکشۆپی تایبەت بە کاری کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەچێت. 




Comments