رۆژی سێشەممە ٢٠١٦/٥/١٠ د. مەریوان وریا قانع نوسەرو مامۆستا لە زانکۆی ئەمستەردام لە هۆڵەندا لە کۆڕێکدا لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆی سلێمانی دەربارەی سیاسەت و سۆز لە سەدەی بیستو یەکدا تیشکی خستە سەر پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ترس، سیاسەت و ئومێد، سیاسەت و هەستكردن بە ئیهانەكردن. سەرەتای کۆڕەکە د. مەریوان لە لایەن د. ئارام عەلی، سەرۆکی بەشی کۆمەڵناسیەوە دیاری رێزلێنانی پێبەخشرا. د مەریوان لە کۆڕەکەدا بە وردی تیشکی خستە سەر کایەی سیاسی لە سەردەمی ئەمڕۆدا و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە لە ئێستادا سۆز و هەستەکان سیاسەت ئاراستە دەکەن نەک ئایدۆلۆژیا ، ئەو بەهایانە زاڵ بون بەسەر بوارەی سیاسەتدا و تەنانەت لە نیشتمانسازی و دروستکردنی دەوڵەتیشدا. لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکەیدا د. مەریوان وریا قانع وتی کە ئەو دۆخە بەسەر نەتەوەی کوردیشدا جێبەچێبوەو ترس و بڕوابەخۆنەبون و هەستکردن بە غەدر و چەوساندنەوە وایکردوە کورد نەتوانێت هەنگاو بەرەو دامەزراندنی کیانی سەربەخۆی خۆی بنێت. دەربارەی رەوشی سیاسی هەرێمی کوردستانیش د. مەریوان رایگەیاند کە ئەوەی هەیە دۆخێکی چەقبەستوی خراپەو تەنها لە شەڕی ناوخۆ باشترە و متمانە لە نێوان سیاسیەکاندا نەماوە و خەڵکیش متمانەیان بە دەسەڵات و سیاسیەکان نەماوە لە دۆخێکی بێئومێدیدا دەژین. تەنانەت بەها کۆمەڵایەتیو خێزانیەکانیش تێکشکاون و رێز لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا کەمبوەتەوە. پاشان ئامادەبوانی کۆڕەکە بە سەرنج و پرسیارەکانیان بەشداریان کردو گفتۆگۆی زیاتر دەربارەی بابەتەکە ئەنجامدرا و بڕیاریشە سبەی لە هەمان شوێن و کات کۆڕێک بۆ نوسەر ئاراس فەتاح بەڕێوە بچێت. |
News and events >


