News and events‎ > ‎

مەزهەری خالقی میوانی زانکۆی سلێمانی بوو

posted Jan 20, 2016, 11:57 AM by Barham Khalid Ahmed   [ updated Jan 20, 2016, 12:58 PM ]

هونەرمەندی گەورەی کورد مەزهەری خالقی کۆڕێکی دەرباری گۆرانی و کەلتوری کوردی لە زانکۆی سلێمانی سازداو تیشکی خستە سەر ئەزمونی هونەری خۆیی و گرنگی کەلتورو گۆرانی لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و ناساندنی نەتەوەی کورد.
رۆژی چوارشەممە ٢٠١٦/١/٢٠ لیژنەی رۆشنبیری سکوڵی زانستە مرۆڤایەتیەکان لە وەرزی نوێی چالاکیەکانیدا کۆڕێکی بۆ سەرۆکی ئینستیتوتی کەلەپوری کورد، مەزهەری خالقی سازدا.
کۆڕەکە لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی کۆلێژ ئەنجامدراو ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و خوێندکارانە بەشە جیاوازەکانی زانکۆ ئامادەی کۆڕەکە بوون.
هونەرمەند سەرەتا کورتەیەکی لە ئەزمونی هونەری خۆی بۆ ئامەدەبوان خستەڕوو هەروەها باسی گرنگی میوزیک و گۆرانی کرد وەک هۆکارێک بۆ ناساندنی نەتەوەو پاراستنی مۆرکی نەتەوایەتی، پاشان کورتە فیلمێک دەربارەی ئینیستیتوتی کەلەپوری کوردو کارو چالاکیە هونەریی و کەلتوریەکانی نمایش کرا.
خالقی کە سەرۆکی ئینیستیتوتەکەیە باسی ئامانج و گرنگی دامەزراوەکەی کرد لە پاراستنی کەلتورو فەرهەنگی کوردی و زیندو هێشتنەوەی ئەو سەرمایە نەتەوەییانە لە میوزیک وگۆرانی لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستاندا.
پاشان ئامەدەبوان سەرنج و پرسیارەکانیان ئاراستەی هونەرمەند کردو گفتۆگۆ دەربارەی باسەکە کرا.
مەزهەری خالقی ساڵی ١٩٣٨ لە شاری سنە لە دایک بوەو لە ساڵی ١٩٥٨یەکەم گۆرانی خۆی تۆمار کردوەو خاوەنی کۆمەڵێک شاکاری هونەرییە. دەرچوی بەشی سینەمای زانکۆی تارانە. ماوەیەک سەرپەرشتیاری رادیۆو تەلەفزیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوە لە کرماشان. پاش گەڕانەوەی لە هەندەران لە ساڵی ٢٠٠٣ ئینیستیتوتی کەلەپوری کوردی لە شاری سلێمانی دامەزراندوە.
فۆتۆ:ئەژین قادر



Comments