لە میانی رێکەوتنی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو زانکۆی سلێمانی و زانکۆی برێمەنی ئەڵمانیا وەفدێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی بەشی راگەیاندنی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆی سلێمانی سەردانی ئەڵمانیایان کرد. رۆژی ٤-١٢-٢٠١٧ وەفدێکی بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بە سەرۆکایەتی د. سەلام نەسرەدین سەرۆکی بەشی راگەیاندن و کۆمەڵێک لە مامۆستایان و خوێندکاران لە سەر بانگهێشتی زانکۆی برێمەنی ئەڵمانیا سەردانی ئەڵمانیایانکرد. لە گەشتەکەدا کە ١٠رۆژی خایاند شاندەکەی بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی کە لە ١١ کەس پێکهاتبوون بەشداری زنجیرەیەک چالاکیان کرد و سەردانی چەند دامەزراوەیەکیان کرد. گەشتەکە لە لایەن کریستۆڤ سۆدمان سەرۆکی کۆمپانیان بەلیک بۆ راگەیاندن و پەیوەندی گشتی رێکخرابوو. لە رۆژی یەکەمی گەشتەکەدا وەفدەکە گەشتێکی مەیدانیان بۆ زانکۆی برێمەن ئەنجامدا و مارکۆ هۆهن مامۆستای راگەیاندن لە زانکۆکە لە نزیکەوە وەفدەکەی بە بەشە جیاوازەکانی زانکۆکە ئاشناکرد و پاشان سەردانی بەشی لێکۆڵینەوەی کۆمونیکەیشنیان کرد و لەلایەن پرۆفیسۆر ئەندرێس هێپپ سەرۆکی زیمکی و ستافی بەشەکەوە پێشوازی کران و سیمینارێک دەربارەی خوێندنی ماستەری مێیدیای دیجیتاڵی و کۆمەڵگا لە برێمەن و سیستمی وەرگرتن و شێوازەکانی خوێندن لە زانکۆی برێمەن پێشکەشکرا. پا سەرۆکی بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی سیمینارێکی لەسەر خوێندنی راگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی و رەوشی مێدیای کوردستان پێشکەشکرد و لە هەردوو سیمینارەکەدا ئاڵوگۆڕی زانیاری و گفتوگۆ دەربارەی بابەتەکان کران. لە رۆژی دووەمی گەشتەکەدا وەفدەکەی زانکۆی سلێمانی سەردانی مۆزەخانەی شاری برێمەنیان کرد و ئآشناکران بە مێژوی شاری برێمەن بە تایبەت پێشانگای کاتی دەربارەی روداوەکانی پاش شۆڕشی ساڵی ١٩٦٨ لە شاری بریمەن و ئەو پاشهاتانەی دوای ئەو روداوانە لە شارەکە رویانداوە، دواتریش سەردانی دەستەی دەرچوانی زانکۆکەیان کرد و بە چالاکیەکانی ئەو دەستەیە ئاشنابوون. رۆژی سێیەمی گەشتەکە ٦-١٢-٢٠١٧ وەفدەکەی بەشی راگەیاندن سەردانی کۆمپانیانیان hmmh یان کرد کە لە بواری مارکێتینگ کاردەکات و یەکێکە لە کۆمپانیا گەورە و پێشکەوتوەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا لەوێش سیمینارێک دەربارەی کارەکانی کۆمپانیاکە پێشکەشکرا و بەشە جیاوازەکانی کۆمپانیاکەیان بەسەرکردەوە و بە پرسیار و سەرنج بابەتەکە دەوڵەمەندکرا. دواتر سەردانی رادیۆ و تەلەفزیۆنیی برێمەنیان کرد کە دەزگایەکی راگەیاندنی نیشتمانیە لە ئەڵمانیا و تێیدا بە شێوازی کارکردنی رادیۆ و تەلەفزیۆنەکە و بەشە جیاوازەکانی ئاشناکران لە رێگەی سیمینارێکەوە لە لایەن سارا کامپف ریپۆرتەری رادیۆکەوە. دواتر سەردانی ناوەندی پێکەوەژیانی برێمەنیان کرد کە لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە سەرپەرشتی دەکرێت و تێیدا دوو سیمینار دەربارەی یەکێتی ئەوروپا و رەوشی پەنابەران و پێکەوە ژیان لە ئەڵمانیا بۆ ئامادەبوان خرایەڕوو. رۆژی چوارەمی گەشتەکە وەفدی بەشی راگەیاندن بەشداریان کرد لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی تیڕوانینی نوێ دەربارەی مێدیا و داتا و کات و مۆدێرنە کە بە هاوبەشی زێمکی و زانکۆی برێمەن سازکرابوو. لە کۆنفرانسەکەدا چەند پانێڵێک دەربارەی چەمکی مێدیا و کات و تەکنەلۆژیای نوێ و روانینە نوێیەکانی بواری مێدیا و زانیاریەکان پێشکەشکران. ئێوارەی هەمان رۆژ ٧-١٢-٢٠١٧ وەفدەکە سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی برێمەنیان کرد و لە لایەن پرۆفیسۆر ئێفا ماریا فیتچنەر جێگری سەرۆکی زانکۆەوە پێشوازی کران و سیمینارێکی دەربارەی خوێندن لە زانکۆکە بە تایبەی بۆ خوێندکارانی دەرەوەی ئەڵمانیا پێشکەشکرد و باسی لە هەوڵەکانی زانکۆکە کرد بۆ ئەوەی زۆرترین خوێندکاری بیانی لە خۆبگرن و دواتریش لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ سەرۆکی بەشی راگەیاندن باسیان لە شێوازی هەماهەنگی هەردوو لاکرد لە بواری ئاڵوگۆری خوێندکار و ئەزموون و رەخساندنی هەلی خوێندن بۆ خوێندکارانی کورد لە زانکۆی برێمەن. لە دوایین ئێوارەدا کۆمپانیای بەلیک کە رێکخەری گەشتەکەبوو ئێوارە خوانێکی بۆ وەفدەکە رێکخست و کۆتایی بە بەرنامە رەسمیەکانی سەردانەکە هێنرا. |
News and events >
