News and events‎ > ‎

سەرکەوتنی کارەکانی کۆنفرانسی پرسی کورد و سایکس پیکۆ

posted May 6, 2016, 12:36 PM by Barham Khalid Ahmed

  کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی پرسی کوردو رێکەوتننامەی سایکس پیکۆ کە لە لایەن کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆی سلێمانییەوە و بە بەشداری ٣٣ توێژینەوە کە لە حەوت وڵاتی جیاوازەوە پێشکەش کرابون سەرکەوتوانە و بە راگەیاندنی چەند راسپاردەیەک کۆتایی بە کارەکانی هێنا و کۆنفرانس جەختی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و پێداگری لەسەر مافی کورد بۆ راگەیاندنی دەوڵەت و سود وەرگرتن لە دۆخی ئێستای جیهان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد کردەوە.


 رۆژانی ٣ و ٤ ی ئایار لە یادی ١٠٠ ساڵەی ئیمزاکردنی رێکەوتننامەی سایکس پیکۆدا، کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان دووەمین کۆنفرانسی زانستی خۆی بە ناونیشانی (پرسی کورد و رێکەوتننامەی سایکس پیکۆ) رێکخست، لایەنی دارایی کۆنفرانسەکە لە لایەن بنەماڵەی شەهید عەلی بەگ دابین کرابو. کۆنفرانسەکە بە بەئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر سەلاحەدین سەعید سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و ژمارەیەک لەبەرپرسانی حکومی حیزبی و رۆشنبیران لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان ئەنجامدرا.

 

کاتژمێر ٩:٣٠ ی سەرلەبەیانی ڕۆژی 3/5 لەهؤڵی کۆماری کوردستان لەزانکۆی سلێمانی بەدەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان کۆنفرانسەکە دەستیپێکردو پاشان فیلمیکی دیکۆمێنتاری لەسەر ڕێکەوتنامەی سایکس پیکۆ نمایشکرا، دواتر وتاری لیژنەی باڵای کۆنفرانس لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر جەزا تۆفیق طالب خوێندرایەوە کەتێیدا وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان، ووتی ئەگەر چی ئەو دۆخەی کە لەسەر ئاستی هەرێمی و ناوچەیی دەگوزەرێت دوخێکی نالەبارو پڕتەنگەشەی ئابووری و سیاسییە و کاریگەری لەسەر کۆی بونیادەکانی ئەم ناوچەیە داناوە ،بەڵام ئێمە لەزانکۆی سلێمانی وەک ئەکادیمیستانی کورد نەمانویست  یادی 100ساڵەی ڕێکەوتنامەی سایکس پیکۆ بەبێ خوێندنەوەی زانستی و کۆڵێنەوەی ئەکادیمی تێپەڕێنین لەم پێناوەشدا  زەمینەسازی بەستنی ئەم کۆنفرانسەمان کردە خەم و بەشداری ژمارەیکی زۆر لە توێژەرانی زانستی و بەبەرهەمەکانیان بانگهێشتی بکەین کە لەماوەی ئەم دوو ڕۆژەی کۆنفرانسدا بە33 توێژینەوەو بە بەشداری توێژەرانی وڵاتانی میسری عەرەبی وکۆماری تورکیا ولیبیاو کۆماری ئیسلامی ئێران وشانشینی ئوردنی هاشمی هەروەها توێژەرانی زانکۆی عێراق و هەرێمی کوردستان لەم میانەشدا رستێک ڕاسپاردە وەک دەرەنجامی ئەم توێژینەوانە پێشکەشدەکرێت. کەهیوادارین ببێتە سەرەتایەک بۆ سوود گەیاندن بە ناوەندەکانی بڕیارو دەستپێکی بەشداری ناوەندە زانستیەکانیش بێت لەدروستکردنی بڕیاری ستراتیجی و سیاسی .

پاشان پرۆفیسۆر دکتۆر سەڵاحەدین سەعید سەرۆکی زانکۆی سلێمانی وتارێکی خوێندەوەو وتی:وەک سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی هەمیشە جەختمان لەو خاڵە کردووە کەپێویستە زانکۆ لەگەڵ ئەرکە زانستییەکانیدا وەک بەرهەمهێنانی مەعریفەی نوێ و پێگەیاندنی کادرو پسپۆڕی تایبەتمەند بۆ گشت سێکتەرەکانی کومەڵگاو پێدانی بڕوانامەو ئەنجامدانی توێژینەوەو داهێنانی زانستی و گەڵاڵەکردنی پڕۆژەو کاری هاوبەش لەگەڵ زانکۆو ناوەندە ئەکادیمییە باڵاکانی جیهان پێویستە ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی و چالاکی هونەری و ڕوناکبیری و کلتوری بەشێک بێت لەئەجندای کارەکانی وتیشی مایەی شانازیمانە کە زانکۆی دایک وەک هەمیشە پێشەنگە لەسازدانی کۆنفرانسی لۆکاڵی ونێودەوڵەتی سەبارەت بەپرسە هەنووکەی و بابەتەمێژووییەکان بەتایبەت ئەو پرس و بابەتانەی کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕابردوو و ئێستاو ئایندەی کۆمەڵگای کوردی هەبووە و هەیە.

 

ووتیشی "سازدانی کۆنفرانسی سایکس پیکۆ لەکاتێکدایە کە سەدەیەک بەسەر ئەو ڕێکەوتن نامە شومەدا تێپەڕ دەبێت ، کەلەگەڵ ڕێکەتنامەی لۆزان جگەلە نەهامەتی و ماڵوێرانی زیاتر شتێکیان بۆ گەلی کورد پێنەبوو لەکۆتای وتەکەشی دا سوپاسی ڕێکخەران و توێژەرانی ئەم کۆنفرانسەی کرد."

پاشان لە هەردو هۆڵی کۆماری کوردستان و بابان کە تەرخانکرابون بۆ دانیشتنەکانی کۆنفرانس خستنەڕووی توێژینەوەکان وەک ئەوەی لە بەرنامەی کاردا هەبو دەستی پێکرد و بە بەشداری چڕ و پڕی ئامادەبوان و رۆماڵی بەردەوامی مێدیاکانەوە دەستی پێکرد و توێژەران بابەتەکانیان بۆ ئامادەبوان خستەڕوو.

لە دانیشتنەکانی رۆژی دووەمی کۆنفرانسیش زیاتر لە ١٦ توێژینەوە پێشکەشکران کە خوێندنەوی زانستی نوێ بۆ هەلومەرجی ئێستای ناوچەکەو هەلەکانی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی تێدا خرایەڕوو. پاش پێشکەشکردنی سەرجەم توێژینەوەکان لە کاتژمێر ٤ ی عەسر مەراسیمی کۆتایی کۆنفرانس سازکراو  بە ئامادەبونی سەرۆکی زانکۆو لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانس و توێژەرەکان بڕوانامەی رێزلێنان بەسەر توێژەراندا دابەشکراو پاشان راسپاردەکانی کۆنفرانس خوێندرایەوە.

کۆنفرانس جەختی لەسەر مافی یاسایی و شەرعی نەتەوەی کورد بۆ راگەیاندنی دەوڵەت و  ئەنجامدانی ریفراندۆم کردەوە و هەروەها گرنگیدان بە سایکس پیکۆ و رێکەوتننامەکانی دیکەی پەیوەست بە دۆزی کورد لە پرۆگرامەکانی خوێندن و ئەرشیفکردنی دۆکیومێنت و بەڵگەنامەکان و پاراستنیان لە پێناو سود لێوەرگرتن.

هەروەها کۆنفرانس داوای لە لایەنە سیاسیەکانی کورد و سەرکردایەتی سیاسی کورد کرد کە کار بۆ یاکڕیزی نیشتمانی و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی گوتاری کورد بکەن لە ناوەندە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکاندا و بۆ ئەو مەبەستەش لە رێگەی دروستکردنی لۆبی و بەهێزکردنی دیپلۆماسیەتی کوردییەوە کار بۆ گەیاندنی دۆزی رەوای کورد بکرێت بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و سود وەرگرتن لە دۆخی ئێستای پاش شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و جەنگی داعش کە کورد رۆڵێکی سەرەکی تێدا دەبێنێت و پێشمەرگە وەک ‌هێمای بەرگری بوەتە سیمبۆلێکی جیهانی.


 

Comments