News and events‎ > ‎

سەرۆکی زانکۆ ستایشی کارە خۆبەخشییەکانی خوێندکارانی کاری کۆمەڵایەتی دەکات

posted Jun 19, 2019, 1:04 PM by Barham Khalid Ahmed

سەرۆكی زانكۆی سلێمانی ستایشی کارە خۆبەخشییەکانی گروپێک لە خوێندكارانی بەشی كاری كۆمەڵایەتی دەكات کە لە ماوەی ئەمساڵی خوێندندا بە چەند چالاکییەک بەشەکانی کۆلێژیان پاککردوەتەوە و چەندان نەمام و گوڵیان لە باخچەکانی کۆلێژ چاندووە بۆ پاراستنی سەوزایی و پاكوخاوێن راگرتنی کۆلێژ.

رۆژی چوارشەممە ١٩ی ٦ی ٢٠١٩ پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی  بەیاوەری د.ئاراس فەریق زەینەڵ یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری خوێندكاران و شەماڵ رەباتی نوێنەری جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سەردانی كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی كردو لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئیبتیسام ئیسماعیل قادر راگری كۆلێژ و د. ئامانج حەسەن، یاریدەدەری راگرو د. رزگار مستەفا، سەرۆكی بەشی كاری كۆمەڵایەتی و كۆمەڵێك خوێندكاری بەشەكەوە پێشوازیان لێكرا.


 سەرۆكی زانكۆی سلێمانی دەستخۆشی و ستایشی ئەو خوێندكارانەی بەشی كاری كۆمەڵایەتی كرد لەبەرامبەر ئەو كارە خۆبەخشانەی لە كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكان ئەنجامیان داوە بەڵێنی پێدان كە رێزلێنانی تایبەتی سەرۆکایەتی زانکۆیان پێشكەش بكات. هەروەها نوێنەری جێگری سەرۆكی حكومەت وێڕای دەستخۆشی لە خوێندكاران، بەڵێنی پێدان لە ساڵی داهاتوو كۆمەڵێك نەمام و گوڵیان بۆ دابین بكەن  وەكو پاداشتێكی بچووك بۆ خوێندكارەكان بەمەبەستی زیاتر سەوزکردنی باخچەکانی کۆلێژ.


لە بەرامبەردا، راگری كۆلێَژی زانستە مرۆڤایەتییەكان، سوپاسی سەرۆكی زانكۆ و یاریدەدەرەكەی و نوێنەری جێگری سەرۆكی حكومەتی كرد، لەبەرامبەر پەرۆشیان بۆ هەوڵ و ماندوبونی خوێندکارەکان و سوپاسی پێزانینیانی کرد بۆ کارە خۆبەخشەکانی خوێندکارانلەكۆتاییشدا، نوێنەری خوێندكارەكانی بەشی كاری كۆمەڵایەتی سوپاسگوزاری پێزانینەكە بوون و بەڵێنی بەردەوامیاندا لە خزمەتكردنی زیاتری سەوزایی و پاكوخاوێنی كۆلێژەكە بەبەردەوامی لە ماوەی ساڵانی ئایندەدا.


Comments