News and events‎ > ‎

وەفدێکی بەشی کاری کۆمەڵایەتی زانکۆی بۆخومی ئەڵمانی سەردانی زانکۆی سلێمانی دەکات

posted Apr 7, 2019, 1:15 PM by Barham Khalid Ahmed

وەفدێکی بەشی کاری کۆمەڵایەتی زانکۆی بۆخومی ئەڵمانی سەردانی زانکۆی سلێمانی دەکەن و چەند چالاکییەکی زانستی ئەکادیمی ئەنجامدەدەن، بڕیاریشە لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندندا هەردوو بەشی کاری کۆمەڵایەتی زانکۆکانی سلێمانی و بۆخوم کۆنفرانسێکی زانستی نێودەوڵەتی هاوبەش ئەنجامبدەن.

وەفدەکەی زانکۆی بۆخوم لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هەردوو بەشی کاری کۆمەڵایەتی زانکۆی سلێمانی و زانکۆی بۆخومدایە کە بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی توانای زانستی و هەماهەنگی کە لە ساڵی ٢٠١٦ دا لە نێوانیاندا ئیمزاکراوە.

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی وەفدەکەدا کە بەسەرپەرشتی پرۆفیسۆر چنور قادری، پسپۆڕی دەرونناسی لە بەشی کاری کۆمەڵایەتی زانکۆی بۆخوم و هاوکات یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی ناوبراو بۆ کاروباری زانستییە لەگەڵ وەفدی مامۆستایانی بەشی کاری کۆمەڵایەتی بە سەرپەرشتی د.رزگار مستەفا سەرۆکی بەش چەند چالاکیەکی زانستیی ئەنجامدەدەن.

رۆژی یەکشەممە ٧ی ٤ی ٢٠١٩ وۆرکشۆپێک بۆ مامۆستایانی بەشی کاری کۆمەڵایەتی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان بەڕێوەچوو دەربارەی شۆکی تراوما بۆ پسپۆڕانی کاری کۆمەڵایەتی کە تێیدا ناساندنی تراوما و هۆکارەکانی و جۆرەکانی ئەو نەخۆشییە دەرونییە لەلایەن پرۆفیسیۆر چنور قادری بە وردی تیشکی خرایەسەر و مامۆستایانی بەشداری وۆرک شۆپەکەش بە سەرنج و پرسیارەکانیان باسەکەیان دەوڵەمەند کرد و لە کۆتاییشدا بڕوانامەنی بەشداربوون بەخشرایە مامۆستایانی بەشدار.

بڕیاریشە رۆژی دووشەممە پرۆفیسۆر کریستین زۆنتربێرگ ]سپۆڕی راوێژکاری وۆرکشۆپێک دەربارەی گەشەپێدانی کاری کۆمەڵایەتی لە بواری خوێندان و وانە وتنەوەدا پێشکەشی مامۆستایانی بەشی کاری کۆمەڵایەتی بکات. هەروەها پرۆژەی چاپکردنی دوو کتێب لە بواری کاری کۆمەڵایەتی دەخرێتە بواری جێبجێکردنەوە کە یەکێکیان لە لایەن لیزا دونیبەکە یاریدەدەری زانستی تیمەکەوە نوسراوە دەربارەی دۆخی کاری کۆمەڵایەتی لە کوردستان کە لە هەمانکاتدا ئەندامی وەفدەکە زانستییەکەیە.

بڕیاریشە رۆژی دووشەممە هەردوو وەفدی بەشەکانی کاری کۆمەڵایەتی زانکۆی سلێمانی و زانکۆی بۆخوم بە سەرپەرشتی د. ئیبتیسام ئیسماعیل قادر، راگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان یەکەمین کۆبونەوەی ئامادەکاری ئەنجامبدەن بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی زانستی نێودەوڵەتی هاوبەش کە بڕیارە لە مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوو لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەبچێت کە تایبەتە بە بواری کاری کۆمەڵایەتی.





Comments