News and events‎ > ‎

وەفدێکی حزبی پێشکەوتنی عێراق سەردانی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی کرد

posted Jan 25, 2021, 1:45 PM by Barham Khalid Ahmed   [ updated Jan 26, 2021, 12:26 PM ]
بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی کراوە و ئاڵوگۆڕی زانیاری، وەفدێکی حزبی پێشکەوتنی عێراقی و سەنتەری یەرموک و زانکۆی ئەنبار سەردانی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانیان کرد و بڕیاردرا کۆنفرانسێکی زانستی هاوبەش لە زانکۆی سلێمانی ئەنجامبدرێت.

رۆژی دووشەممە ٢٥ی ١ی ٢٠٢١ د.ئیبتیسام اسماعیل قادر، راگری کۆلێژ و یاریدەدەری راگر و سەرۆکی بەشە زانستییەکانی کۆلێژ و د.کمال عبداللە یاریدەدەری راگری کۆلێژی سیاسەت، پێشوازیان لە وەفدێکی حزبی پێشکەوتن (حزب تقدم) کرد کە لەلایەن محمد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. وەفدەکە پێکهاتبون لە  د.عمار العزاوی، بەڕێوەبەری سەنتەری یەرموک بۆ پلاندانان و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و د. عادل فرج الحلبوسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حزبی پێشکەوتن و کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆی ئەنبار کە بە مەبەستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی زانیاری سەردانی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانیان کردبوو.

سەرەتای کۆبونەوەکە، د. ئیبتیسام ئیسماعیل کورتەیەکی لەسەر مێژووی زانکۆی سلێمانی بۆ ئەندامی وەفدەکە خستەڕوو، هەروەها رۆڵی زانکۆی سلێمانی لە سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگادا باسکرد. هەریەک لە د. د.عمار العزاوی و د. عادل الکلبوسی ئامانجی دامەزراندنی حزبە نوێیەکە و روانین و بەرنامەکانیان بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی کۆلێژ خستەڕوو. پاشان گفتوگۆیەکی کراوە بەڕێوەچوو سەبارەی بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و گرنگی لە پێشخستنی وڵات.

لە کۆتایی کۆبونەکەدا هەردوو وەفد گەیشتنە رێکەوتن بە ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی زانستی لە زانکۆی سلێمانی لە نێوان هەریەک لە زانکۆی سلێمانی و زانکۆی ئەنبار و سەنتەری یەرموک بۆ لێکۆڵینەوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئامانج و بەرنامە و کاتی کۆنفراسەکە ئاشکرا دەکرێت.




Comments