هەردوو بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی و زانکۆی لایدنی هۆڵەندی وۆرکشۆپێکیان دەربارەی چەند شوێنەوارێکی ناوچەی شارەزوور ئەنجامدا. ڕۆژى سێشەممە ٢٠١٦/١٠/١١ لەهۆڵى بابان لە كۆلێجى زانستە مرۆڤايەتييەكانى زانكۆى سلێمانى وۆركشۆپەکە لەنێوان بەشى شوێنەوارى زانكۆى سلێمانى و كۆلێجى شوێنەوارى زانكۆى لايدن بەڕێوەچوو. وۆركشۆپەكە لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتبوو؛بەشێكى بابەتى شوێنەوارى بوون كە رێکخەران پێشكەشيان كرد و بەشێكى تريشى پراكتيكى بوو تيايدا چەند سەد پارچە گڵێنەيەكى سەردەمانى پێش مێژوو پيشان دران كە لەم ساڵانەى دواييدا لەشوێنەوارەكانى پارێزگاى سلێمانى لەلايەن تيمە هەڵكۆڵەرەكانەوە دۆزراونەتەوە. مەبەست ل پيشاندانى ئەم پارچانە ئەوەبوو كە توێژەران و شوێنەوارناسان و خوێندكاران لە نزيكەوە ئەو پارچانە ببينن و ڕاوبۆچوونەكانيان و ئەزموونەكانيان لەگەڵ يەكتر ئاڵ و گۆڕ بكەن و بەراوورد بكەن بۆ گەيشتن بە ديدێكى گشتگير لەسەر مێژوو و فەرهەنگ و هونەرى كوردستان لەو سەردەمانەدا و ببێـە ڕێ پيشاندەريان لە توێژينەوەكانى داهاتووياندا. بابەتە پێشكەشكراوەكان لەلايەن ئەو شوێنەوارناس و توێژەرە پسپۆرانەوە پێشكەش كران كە خۆيان بە مەيدانى لە كاردا و لە پشكنين و هەڵكۆڵيندا بەشدار بوون و بەگشتى گەيشتنە ئەو ئەنجامەى كە فەرهەنگەكانى پێش مێژووى كوردستان لەزۆر ڕووەوە لە فەرهەنگە هاوكاتەكانى هاوسێيان جياوازن و جياكەرەوەى تايبەت بەخۆيان هەيە و ناسنامەيەكى كولتورى بە كوردستانى كۆن دەبەخشن. لەپاش هەر بابەتێكيش دەرگاى پرسيار و وەڵام كراوەبوو بۆ ئامادەبووان وهەندێك لە بابەتەكان ووتووێژى گەرمو گوڕ و زانستيان لەسەر كرا و بابەتەكانيان دەوڵەمەندتر كرد. سەرەتا (ئۆليڤيە نيوينهاوزە - زانكۆى لايدن و كۆزاد محمد -زانكۆى سلێمانى) باسيان لە بابەتەكانى سەرهەڵدان و پەيدابوونى كولتورى سەردەمى حەلەف و ئەو فەرهەنگە لە شارەزوور و پێگەى كوردستان لەو فەرهەنگەدا و مێژووى پاشماوەكانى ئەو كولتورە كە لە گردى بەگم لە شارەزوور دۆزراوەتەوە و لە ڕێگاى كاربۆن ١٤ ەوە دەستتنيشان كراون و دۆزراوە نوێيەكانى قەڵاتى سەيد ئەحمەدان و گڵچنەى سەردەمى بەردينى-كانزايى لە ڕۆژهەڵاتى ديجلە و چياكانى زاگرۆس باسكران و گەلێك وێنەو سلايد و نەخشە و خشتەى زانستيى بەسوود پيشاندران. ئەم زانکۆ و دامەزراوە زانستییانە بەشداری وۆرکشۆپەکەبوون: زانکۆی لایدن-هۆڵەندا> زانکۆئ ئازاد بەرلین-ئەڵمانیا، زانکۆی تۆکیۆ-ژاپۆن، زانکۆی تسوکوبا-ژاپۆن، مەڵبەندی نیشتمانی لێکۆڵینەوەی زانستی-پاریس-فەرەنسا، پەیمانگای فەرەنسی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک-پاریس-فەرەنسا، زانکۆی ئۆدینی-ئیتاڵیا، زانکۆی ئۆتۆنۆمی-بەرشەلۆنا-ئیسپانیا.
|
News and events >





