News and events‎ > ‎

وەزیری خوێندنی باڵا بەشی فەلسەفە و کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان بەسەردەکاتەوە

posted Jan 6, 2019, 9:57 AM by Barham Khalid Ahmed   [ updated Jan 6, 2019, 11:07 AM ]

د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە یاوەری د.رەزا حسن، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی سەردانی بەشی فەلسەفە و توێژینەوە کلتورییەکانی کرد لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان و پیرۆزبایی کردنەوەی بەشەکەی کردو بەڵێنی هاوکاریکردنی بەشی فەلسەفەیدا.


رۆژی یەکشەممە ٦ی ١ی ٢٠١٩ د. ئیبتیسام ئیسماعیل، راگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان و د. ئامانج حەسەن، یاریدەدەری راگر و د. کاوە محەمەد، سەرۆکی بەشی فەلسەفە و سەرۆکی بەشە زانستییەکانی کۆلێژ پێشوازیان کرد لە وەزیری خوێندنی باڵاو سەرۆکی زانکۆی سلێمانی کە بە یاوەری د. ئامانج سعید راوێژکار وەزارەت و د. رەزا حسن سەرۆکی زانکۆ و د.ئاراس فەریق زەینەڵ، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بە مەبەستی پیرۆزباییکردن و بەسەرکردنەوەی بەشی  فەلسەفە و توێژینەوە کلتورییەکان سەردانی زانکۆی سلێمانی کردبوو.

وەزیری خوێندنی باڵا لە سەردانەکەیدا لە نزیکەوە لەگەڵ مامۆستایان و خوێندکارانى ئەو بەشە گفتوگۆى کرد دەربارەى ئەرکەکانى بەشى فەلسەفەو ئاکامەکانى پرۆسەى خوێندن و راهێنان لەم بەشە کە خوێندن بە زمانى ئینگلیزییە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە کراوەتەوە ماوەی خوێندن تێیدا ٥ ساڵە.

لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە گرنگیەوە باسی کردنەوەی بەشەکەی کردو رایگەیاند فەلسەفە کرۆک و دایکی زانستەکانی دیکەیەو هۆکارێکى گرنگى فراوانکردنى دونیابینى و تێگەیشتنى لۆژیک و ئەقڵانیەتە، وتیشی فەلسەفە لە توانایدایە  سەرجەم بوارەکانى زانستى بەیەکەوە ببەستێتەوە و  ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە پێویستە بەشە زانستیەکانی دیکەش سود لە فەلسەفە ببینین و دەبێت ئاڵوگۆڕی زانستی هەبێت لە نێوان بەشی فەلسەفە و بەشەکانی دیکەدا لە زانکۆدا.

پاشان لە گفتوگۆیەکى کراوەدا لەگەڵ مامۆستایان و خوێندکارانى بەشی فەلسەفە، د. یوسف گۆران داواى لێکردن سود لە خوێندنی بەشەکە ببینن و هەوڵ بدەن ئاسۆى بیرکردنەوەیان فراوان بکەن و پەرە بە تێڕوانیانیان بدەن و سود لەو هەلەش وەربگرن کە خوێندن لە بەشەکەدا بە زمانی ئینگلیزییە کە کارئاسانیان بۆ دەکات دەستیان بگات سەرچاوە  زانستییە رەسەن و نوێیەکانى بوارى فەلسەفە و هیواشی بۆ خواستن کە سەرکەوتوبن لە خوێندنەکەیاندا. لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڵێنیدا وەک وەزارەت هاوکاری تەواوی بەشەکە بکات لە هەموو رووەکانەوە بە تایبەت لە دەستەبەرکردنى سەرچاوەى زانستى و پێداویستیەکانى  کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکان بە گشتی و بەشی فەلسەفە بە تایبەتی.

لەلایەن خۆشیانەوە راگرایەتی کۆلێژ و مامۆستایان ستایشی وەزیریان کرد بۆ هاوکاریەکانی و هەروەها خوێندکارانى بەشى فەلسەفە سوپاسی ستاف و مامۆستایانی بەشەکەیان کرد و تێگەیشتنى ئەرێنیانەی خۆیان لەبارەى بەشەکە خستەڕو هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد کرد درک بە گرنگی بەشەکە دەکەن و هەوڵ دەدەن زانستی فەلسەفە بە باشی فێربن و لەگەڵ کۆمەڵگەو واقعى کوردستان بە بەردەوامى لێک گرێدراو بن هەتا لە ئایندەدا سود بە کۆمەڵگا و بوارەکە بگەیەنن.

بەشی فەلسەفەو توێژینەوە کلتوریەکان بەشێکی نوێی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکانەو ئەمساڵی خوێدن ٢٠١٨-٢٠١٩ کراوەتەوە و خوێندن تێیدا بە زمانی ئینگلیزیە و ٥ ساڵە کە ساڵی یەکەم بۆ فێربونی زمانە.


Comments