یاداشتی ئەنجومەنی كۆلیجی زانستە مرۆڤایەتیەكان ب/ رەوشی خوێندنی ساڵی (2016-2017) سڵاوی زانست ئێمە وەك ئەندامانی كۆلیجی زانستە مرۆڤایەتیەكان سەبارەت بە رەوشی خوێندنی ساڵی نوێی خوێندنی (2016-2017) لە زانكۆی سلێمانی بە گشتیو كۆلیجەكومان بە تایبەتی، روونكردنەوەی خۆمان دەخەینە بەردەست بەرێزان ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ. ئەمەش لەبەر رۆشنایی كێشەو گرفتەكانی ساڵی خوێندنی (2015-2016). جێگای سەرنجە ئەم رونكردنەوانەی ئێمە لە كاتێكدایە كە كۆتایی ساڵی خوێندنەو زانكۆ لەژێر فشاری خویندكارانو راگەیاندنو لایەنە سیاسیەكاندا نییە، هاوكات لە كاتێكدایە كە ماوەیەكی باش لەبەردەستدایە بۆ ئیشكردن لەسەر ئەم یاداشتە ئەویش مانگی تەموزو ئابو ئەیلولە، كە دەكاتەپێش دەسپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن. وێڕای ئەوەی لەم یاداشتەدا رەچاوی داواكارییەكان كراوە بەجۆرێك بەدەر نەبێت لە دەسەڵاتی بەرێزتان. ئامانجەكان: · خۆ ئامادەكردنە بۆ روبوروبونەوەی ئەو قەیرانانەی كە ساڵی داهاتوو روبەروی زانكۆكەمان دەبێتەوە. · دۆزینەوەی رێگەچارەیە بۆ كێشەكانی زانكۆ لە سنوری دەسەڵاتی ئەنجومەنی زانكۆدا. · بەدەستهێنانی لامەركەزیەتی زیاترە بۆ زانكۆو كۆلیجەكان بە تایبەت لە بواری دارایدا. · دەربرینی باوەری مامۆستاو كارمەندانی زانكۆیە لەبەرامبەر سیاسەتی حكومەت بەرامبەر بە زانكۆ. پرسیاری یاداشتەكە: ئایا ئەو قەیرانەی كە زانكۆ لە بواری كاگێریو ئەكادیمیدا توشی بوو تەنها پاساوەكەی قەیرانی ئابوری هەرێمی كوردستانە؟ ئایا سیاسەتی حكومەت، زانكۆ روبەروی بەرزكردنەوە یاخود دابەزینی ئاستی ئەكادیمی دەكاتەوە؟ ئایا كارمەندو مامۆستایانی زانكۆ دەتوانن لەمە زیاتر هاریكارو یارمەتیدەری حكومەت بن لە زانكۆدا؟ تەوەرەكانی یاداشتەكە: یەكەم: كارگێری دووەم: دارایی سێیەم: خوێندنی بەكالۆریۆس چوارەم: خوێندنی دكتۆراو ماجستێر یەكەم-كارگێری:مەبەست لە لایەنی كارگێری دەوامی فەرمی فەرمانبەرانو ئەو مامۆستایانەیە كە ئیدارینو رۆژانە دەوام دەكەن. لەم بوارەدا زانكۆكەمان ساڵی پێشوو روبەروی قەیرانی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كاتەكانی دەوامكردن بوەوە، بەهۆی قەیرانی داراییو دواكەوتنی مووچەوە. وایلێهات هەفتانەو مانگانە رێنمایی دەدرا بۆ تەناوبی دەوامكردنو كورتكردنەوە كاتی دەوامكردن. تا لەكۆتایدا بەسەر دوو رۆژ دەوامو رۆژی سێ كاتژمێر كاتی كاركردنی رۆژانە، كۆتای هات. واتە كۆی گشتی دەوامكردنی فەرمانبەران لە هەفتەیەكدا لە 30 كاتژمێر هەفتانەو شەش كاتژمێر رۆژانە، دابەزی بۆ تەنها شەش كاتژمێر هەفتانەو سێ كاتژمێر رۆژانە. هاوكات لەبری ئەوەی فەرمانبەران پێش راگرو سەرۆك بەشەكان بێنو دوای ئەوان برۆنەوە بۆ ماڵەوە، هەریەك لە راگرو سەرۆكبەشەكان رۆژانە بووبوون بە دەرگاوانی فرمانبەرانو پێش فەرمانبەر دەرگایان كردۆتەوەو دوای فەرمانبەر دەرۆیشتنەوە. جگە لەوە بەهۆی تەناوبی فەرمانبەرانەوە راگرو سەرۆكبەشەكان كاری فەرمانبەرەكانیان بەرێدەكرد، چونكە ئەوان هەموو رۆژێك دەوامیان دەكردو فەرمانبەرەكە دوو درۆژ دەوامی دەكرد. خۆ ئەگەر فەرمانبەرێك كارێكی زیاتری لەو شەش كاتژمێرە لێداوابكردایە ، ئەوا پێویستی بە تەكلیفو پارانەوەی زۆر هەبووە تا كارەكەی كردووە. زۆر جاریش ئەو فەرمانبەرە باجی ئەو تەكلیفەی دەداو پاسی گواستنەوەی فەرمانبەران لەسەری نەوەستاو بەجێیهێشتووە. بۆیە فەرمانبەر بە پارەی خۆی رۆشتووەتەوەو هەندێك جار پارەی قەرز كردووە كە بگاتەوە ماڵەوەو ئەم حاڵەتە چەند جارێك لە كۆلیجەكەی ئێمەدا روییانداوە. كاریگەریەكان: 1. پێگەی پۆستی راگرو سەرۆكبەشو یەكە ئیداریەكان لاواز بوو بە جۆرێك تاوانای لێپرسینەوەو متابەعەكردنی فەرمانبەرانیان نەماوە. 2. فەرمانبەران حەزی ئیشكردنیان لەدەستداوەو بە شەش كاتژمێر توانای ئیشكردنی جددی نەماوەو شێوازی كارەكان پشتگوێخستنو هەڵەی كارگێری گەورەی دروست كردووە. 3. دواخستنی نوسراوەكانی بەرهەم هێناوە بە شێوەیەك نوسراوەكان ماوەیەكی زۆر زیاتر لە كاتی خۆی دوادەكەوێت. 4. ناوبانگی زانكۆی سلێمانی لەكەدار بووە لەچاو زانكۆ ئەهلیەكاندا بە شەش كاتژمێر دەوامكردنو داخستنی دەوامكردن لە دوای كاتژمێ 12ی بەیانییەوە. لەكاتێكدا زانكۆ ئەهلیەكان دەوامی ئاساییان (30-36) كاتژمێرە. دووەم-دارایی: بەهۆی قەیرانی ئابووریییەوە، نەسریەی كۆلیجەكان لە مانگانەوە كراوە بە ساڵانەو لەوەش زیاتر بووە بە نیوەی یەك مانگی ساڵانی پێشوو. ئەمە لە كاتێكدایە كە بینای كۆلیجەكان بە تایبەت لە كەمپی نوێی زانكۆ، چەند بەرامبەری بینای كۆلیجەكانە لە پێشووتر. هەروەها ستافی تەكنیكی لە ژمارەدا هەمان ستافی كەمپە كۆنەكەن. بۆ پركردنەوەی ئەم كەمو كورتیانە، مامستایانو فەرمانبەران بەشێوەی خۆبەخش یان پەیداكردنی یارمەتی لە كەسانی خێۆخواز كاروبارەكانیان بەریوە برد. هاوكات كارمەندانی زانكۆ بە گشتیو مامۆستای زانكۆ بە تایبەتی، بەهۆی بێ مووچەییەوە بارگرانییەكی دارایی گەورە كەوتۆتە سەر شانی كە ناتوانێت وەك مامۆستایەك لە زانكۆ كە بەرزترین ئاستی بیركردنەوەی هەیە لە كۆمەڵگە، ئەركی خۆی راپەرێنێت. هەربۆیەكارمەندانو مامۆستایان كە پێویستە بە تەوای خۆی تەرخانكردبێت بۆ كاری زانكۆ، رویانكردۆتە زانكۆ ئەهلیەكان یان كاری دور لە پیشەی زانستی لە بازاردا. كاریگەریەكان: 1. خزمەتگوزاری لە بواری چاككردنەوەو گواستنەوی كەلوپەلو باخچەكانو سەلامەتی تەندروستی زۆر كەمی كردووە. 2. توانای دابینكردنی كەلوپەلی قەرتاسیەو حبری پرێنتەرو جهازی كۆپیكردن كەم بووەتەوە. 3. روو لە بازاركردنی مامۆستایانو كارمەندان پێگەی مامۆستای زانكۆ لە كۆموڵگەدا لاواز كردوە. ئاستیمامۆستاو زانكۆ لە روی ئەكادیمی دابەزیوە. هاوكات مامۆستا بە تواناكانی زانكۆی سلێمانی پشت لە زانكۆی خۆیان دەكەنو رودەكەنە زانكۆ ئەهلیەكان. سێیەم-خوێندنی بەكالۆریۆس: ساڵانە خوێندنی ئاسایی زانكۆ، بریتی بووە لە نۆ مانگ. بەڵام بەهۆی مانگرتنەكانی مانگی تشرینی یەكەمی 2015، مانگەكانی شوبات، ئازاری 2016، كاتی دەوامكردنی خوێندكارانی قۆناغەكانی چوارەمو سێیەمو دووەم، كەم بووەتەوە بۆ شەش مانگ. قۆناغی یەكەم لە حەوت مانگەوە بۆ كەمتر لە چوار مانگ كەمی كرد. كارگەریەكان:هەموو ئەمانە وایكرد كەمترین وانە بوترێتەوە. ئامادەنبونی خوێندكاران وەرنەگیرێت، چاوپۆشی بكرێت لە توێژینەوەی دەرچوون، پرسیاری تاقیكردنەوەكان لە ساڵانی پێشوو ئاسانتر بێت. بەمەش ئاستی خوێنكار زۆر زیاتر لەساڵانی پێشوو، دابەزیووە. كە دواجار كاریگەری لەسەر دابەزینی ئاستی ئەكادیمی زانكۆو كۆمەڵگەش دەبێت. چوارەم: خوێندنی باڵا: پێش سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری، لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە مەرجو رێنمایی زۆر دەرچوون بۆ خوێندنی دكتۆرا لە زانكۆدا. لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانەوە چاوەروان دەكرا مەرجەكان سوكتر بن، بەڵام زیاتر بوون، بەجۆرێك بۆ ستڵی خوێندنی (2016-2017) لە كۆلیجەكەمان، لە كۆی (54) مامۆستای خاوەن هەڵگری بروانامەی ماجستێر تەنها (6) كورسی دكتۆرایان بۆ تەرخانكراوە. لەكاتێكدا ئەو مامۆستایانی كە پلەی زانستییان پرۆفیسۆرەو ئامادەن بە خۆبەخش وانەی دكتۆرا بڵینەوەو سەرپەرشتی دكتۆرا بكەن تەنها لە پێناو كردنەوی كورسی زیاتر، رێگەیان پێنادرێت كە پرۆپۆزەڵ پێشكەش بكەن. دوای وەرگرتنی خوێندكار لە دكتۆرا،كۆمەڵیك مەرجی ئەستەمیان بۆ دانراوە كە لەم بێ مووچەییەدا داوای نمرەی بەرزی ئایالسو تۆفڵیان لێدەكرێت كە هەریەك لەو تاقیكردنەوانە ئەگەر خوێنكارەكە بە جاری یەكەم دەربچێت بری (250) دۆلاری ئەمریكی لێوەردەگیرێت. هاوكات داوای بڵاوكردنەوە دوو توێژینەوەی لێدەكرێت لە گۆڤارە نێودەوڵەتییە ئاستبەرزەكاندا كە هەموو ئەمەش برێكی پارەی زۆری تێدەچێت كە لەم كاتەدا بارگرانییەكی زۆری مادییە بۆ خوێنكار. وێرای ئەمە ئەو مامۆستایەی كە دەیەوێت بە پارالێل بخوێنێت وەك چاوەروان دەكرێت جگە لەوەی پارەی لێوەردەگیرێت، هاوكات كاریگەری دەبێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو موچە كەمەی كە وەریدەگرێتو مۆڵەتی بێ مووچە یان نیوە موچەی پێدەدرێت. هەموو ئەمانە وادەكات ئەو مامۆستایانەی كە هەڵگری بروانامەی ماجستێرنو ساڵی پار بەو هەموو قەیرانە داراییو سیاسیەوە، كاری خۆبەخشیان كردووە بۆ ئەوەی دوامی زانكۆ رانەگیرێتو لە زۆربەی لیژنەی كارگێریو زانستیو تاقیكردنەوەكان بونیان هەبووە، حكومەت بەو مەرجە تەعجیزیانە وەڵامیان دەداتەوە. ئەمە بۆخۆی نائومێدكردنیانە بە زانكۆو حكومەت، هاوكات كاریگەری دەبێت لە دابەزینی ئاستی زانكۆیی ئەو مامۆستایانە كە لە بری ئەوی سەرقاڵی خوێندن بن، روودەكەنە بازارو زاكۆ دەكەنە ئیشی دووەمو سێیەمی خۆیان. هەرچی كورسی ماجستێرە، كۆلیجەكەمان (39) موعیدی تیادایە كە چاوەروانی خوێندنی ماجستێرن، هەروەها لە یەكەمەكانی بەشە زانستیەكاننو كۆنمرەكانیان لەسەروو 75%. لەكۆی ئەم ژمارەیە ئەنجومەنی زانكۆ رەزامەندی دەربریوە لەسەر كردنەوی تەنها (2) كورسی بۆ ئەمانە. ئەمە لە كاتێكدا لە كۆلیجەكەمان ئەم موعیدانە نەك كاری فەرمانبەری، بەرڵكو زۆرجار چاكەرەوەو حەماڵیو باخەوانیو كرێكاریشیان پێدەكەین، رۆرینەیان بێبەش دەبن لە خوێندنی ماستەر. بەڵام هاورێكانیان كە لە دەرەوەی زانكۆنو كۆنمرەیان لە 65% دەتواننن بە پارە بێنە ناو زانكۆو بخوێنن. هەرچی بەرزكردنەوەی پلەی زانستییە، بووە بە بەپارە، كە ئەوە وایكردووە مامۆستا داوای بەرزكادنەوی پلە نەكاتلە بەرزترین پلەوە بۆ نزمترین پلە. كاریگەریەكان: 1. بێئومێدكردنی مامۆستایانی هەڵگری بروانامەی ماجستێر،كە ساڵی پار بەو هەموو قەیرانە داراییو سیاسیەوە، كاری خۆبەخشیان كردووە بۆ ئەوەی دوامی زانكۆ رانەگیرێتو لە زۆربەی لیژنەی كارگێریو زانستیو تاقیكردنەوەكان بونیان هەبووە ، حكومەت بەو مەرجە تەعجیزیانە وەڵامیان دەداتەوە. 2. كاریگەری دەبێت لە دابەزینی ئاستی زانكۆیی ئەو مامۆستایانە كە لە بری ئەوی سەرقاڵی خوێندن بن، رودەكەنە بازارو زاكۆ دەكەنە ئیشی دووەمو سێیەمی خۆیان. 3. بێئومێدكردنی موعیدە یەكەمەكانی زانكۆیە، كە وادەكات حەزو خواستیان بۆ ئیشكرنو خوێندنو توێژینەوە لاواز دەكات، بەمەش لەدور مەودادا ئاستی زانكۆكەمانی پێدادەبەزێت لە روی زانستییەوە. ئەنجام: 1. حكومەتی هەرێمی كوردستان ، بەم شێوە كاركردنە كە بریتیە لە كارئاسانی بۆ كەمكردنەوەی ماوەی دەوامكردنو كەمكردنەوەی موچەو نەسریە، هەروەها دەركردنی رێنمایی زۆر بۆ دانانی بەربەست لەبەردەم خوێندنی باڵاو توێژینەوەدا، ئاستی زانستیو كارگێری زانكۆ حكومیەكان دوادەخاتو پەكیان دەخات. 2. حكومەتی هەرێم پێمان دەڵێت كە چارەسەركردنی قەیرانی زانكۆ بەستراوەتەوە بە چارەسەركردنی قەیرانی داراییەوە، بەڵام بەپێی ئەو راستیانەی سەرەو بە تایبەت لە بواری كورسی خوێندنی ماجستێرو دكتۆرادا، ئەوە دەردەخەن كە زۆر لە رێنماییو بریارەكان پەیوەندی بە داراییەوە نییەو خوێندنەوەی ناتەندروستە بۆ پێشخستنو پەرەپێدانی زانكۆ. 3. لەبەرامبەر ئەو هەموو رێنماییو بریارانەی كە لە حكومەتەوە دێت بۆ زانكۆ، پێویست بوو ماف زیاتر بكرێت نەك كەم بكرێتەوە. هەربۆیە بە كەمكردنەوە مافی فەرمانبەرو موعیدو مامۆستا، حەماسەتی ئیشكردنو دڵسۆزی بۆ زانكۆ لاواز بووە. بەجۆرێك كاریگەری هەبووە لە بێ متمانەیی لە نێوان ئەوانو حكومەتدا. 4. لە بری ئەوەی زانكۆ كۆنترۆڵی بازار بكات، لە ئێستادا بازار كۆنترۆڵی زانكۆی كردووەو خاوەن نمرەی نزم كە هاوكات خاوەن پارەكانن، دەهێنرێنە زانكۆ بروانامەیان پێدەدرێتو لە داهاتودا دەبنە كەسانی ئەكادیمی ئەم كۆمەڵگەیە، هاوكات عەقلە زانسیەكانی زانكۆ دەچنە بازارو كاری ناو بازار دەكەنو دور دەكەونەوە لە زانكۆ. راسپاردە: 1. ساڵی نوێ چاو بخشێرێتەوە بە موچەی كارمەندانو مامۆستایانی وانكۆ بە شێوەیەك كە بتوانین پارێزگاری لە تواناكانیان بكەین. 2. بوجەی زانكۆ زیاتر بكرێت بە جۆرێك بتوانین خزمەتگوزاریە ناوخۆیەكانی زانكۆ پەكی نەكەوێت 3. ئەو داهاتەی كە زانكۆ دەستی دەكەوێت بەشی هەرە زۆری بۆ زانكۆ بێتو خۆی دەسەڵاتی بەسەردا هەبێت. 4. كارئاسانی بۆ خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بكرێت بە جۆرێك هاندانی پێوە دیار بێت نەك بێئومێدیو ساردكردنەوەی كەسانی فێرخواز. 5. ئەو داهاتەی كۆلیجەكەمان هەیەتی لە دوكانی ئیستنساخو كافتری كۆلیج بخرێتە ژێر دەستی كۆلیجەكەمان تا كورتهێنانی نەسرییەی پێپر بكەینەوەو باشتر خزمەتی كۆلیجەكە بكەین. 6. ئەو داهاتەی كە لە خوێندنی پارالێل پەیدا دەبێت بەشی هەرە زۆری بگەرێتەو بۆ كۆلیج بە جۆریك بۆ سودی مامۆستایانو كارمەندان بێت. 7. رەزامەندی وەزارت وەربگیرێت بۆ گۆڤاری كۆلیجو سەنتەری زانستی كۆلیجەكەمان، چونكە كاریگەری گەورەی دەبێت لە سەر ئاستی زانستی كۆلیجەكە. پێشنیار: ئێمە لێرەدا رایدەگەیەنین پێش ئەوەی وەرزی مانگرتن دەست پێبكاتەوە، با بیر لە چارەسەری بەهێزترو باشتر بكەینەوە نەك هەر بۆ زانكۆ، چونكە ئەو بەهانانەی حكومەت رایدەگەیەنێت لە قەیرانی ئابوریدا، دەتوانێت خەڵكی ئاسایی پێرازیبكات، بەڵام مامۆستای زانكۆ كەسێكی ئاسایی نییەو دەزانێت كە ئەم هەرێمە قەیرانی دارایی نییە بەڵكو قەیرانی سیاسیو كارگێری هەیە. هەر بۆیە بەرای ئێمە ئەگەر چارەسەرێكی گونجاو نەدۆزینەوە ئەوا بێچمتمانەیی لە نێوان سەرۆكایەتی زانكۆ لەگەڵ كارمەندو مامۆستاكانیشی سەر هەڵدەدەن. ئێمە پێشنیار دەكەین 1. زانكۆ لە رێگای كەناڵە ئەكادیمیەكانی خۆیەوە. لە پاڵ حكومەتو لایەنە سیاسیەكان لە دروستكردنی بریاردا لەم هەرێمە بەشداربێت. لە رێگای راپرسییەوە رای زۆرینەی مامۆستاو كارمەندانی زانكۆ وەربگیرێت بۆ ئەوەی چۆن ئەم قەیرانە لە زانكۆدا تێپەرێنین. |
News and events >

