News and events‎ > ‎

ئامەد؛ نوێنەری بەشی راگەیاندن بەشداری کۆنفرانسی رۆژنامەگەری کوردی دەکات

posted Apr 30, 2019, 11:47 AM by Barham Khalid Ahmed
مامۆستایەکی بەشی راگەیاندن بە پێشکەشکردنی بابەتێک بەشداری کۆنفرانسی یادی ١٢١ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی لە شاری ئامەد دەکات کە دامەزراوەی ئیسماعیل بێشکچی سازیکردبوو.

دامەزراوەی ئیسماعیل بێشکچی لە یادی ١٢١ ساڵەی دەرچونی یەکەمین رۆژنامەی کوردیدا رۆژی ٢٧ی ٤ی ٢٠١٩ کۆنفرانسێکی بەناونیشانی لە یادی ١٢١ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردیدا..رەوشی رۆژنامەگەری و مێدیای کوردی کۆنفرانسێکی بۆ بەشەکانی راگەیاندن لە زانکۆکانی هەرێم و ئەوروپا لە شاری ئامەدی تورکیا رێکخست. لە کۆنفرانسەکەدا رەوشی خوێندنی مێدیای و دامەزراوە ئەکادیمییەکان خرایە بەرباس و لێکۆڵینەوە.

لەو کۆنفرانسەدا، پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. فواد عەلی ئەحمەد، مامۆستای بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بە نوێنەرایەتی بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بەشداری کۆنفرانسەکەی کردوو بابەتێکی لەسەر بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی پێشکەش کرد بە ناونیشانی خوێندنی ئەکادیمی مێدیا لە هەرێمی کوردستان- زانکۆی سلێمانی بە نمونە کە وەک یەکەمین بەشی زانستی لەسەر ئاستی زانکۆکان لە هەرێمی کوردستان پێش ٢٠ ساڵ دامەزراوە.

د. فواد لە بابەتەکەیدا تیشکی خستە سەر رەوشی خوێدنی ئەکادیمی لە زانکۆکانی هەرێم بە گشتی و زانکۆی سلێمانی بە تایبەتی لە روی پرۆگرامی خوێندن و سیستمی وەرگرتنی خوێندکاران و پرۆسەی خوێندن لە بەشەکەدا.

لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەری بەشەکانی راگەیاندن لە زانکۆکانی دهۆک و سەڵاحەدین چەند زانکۆیەکی ئەوروپی ئامادەبون و بابەتیان لەسەر سیستمی خوێندنی ئەکادیمی لە بەشەکانی راگەیاندندا پێشکەشکرد بە مەبەستی دۆزینەوەی هەماهەنگی لە پرۆگرامی خوێندن و شێوازی خوێندنی مێدیا بە شێوەیەکی ئەکادیمی و پرۆفێشناڵ.





Comments