خوێندکارانی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان یەکەمین فێستیڤاڵی خوێندکارانیان ئەنجامدا و تێیدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر پێشکەشکرا. رۆژی سێشەممە ٢٠-٢-٢٠١٨ یەکەمین فێستیڤاڵی خوێندکاران لە هۆڵی کۆماری کوردستانی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو کە بە هاوبەشی لە لایەن نوێنەرایەتی گشتی خوێندکارانی کۆلێژ و گروپی نما وە سازکرابوو. فێستیڤاڵەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران و مامۆستایان و د. ئاراس فەریق زەینەڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خۆێندکاران و د. ئیبتیسام ئیسماعیل راگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکان بەڕێوە چوو کە لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە کردو بە گرنگیزانی خوێندکاران لە پاڵ خوێندنی ئەکادیمی و بواری پسپۆڕی خۆیدا پەرە بە بەهرە جیاوازەکانی خۆی بدات هەتا بتوانێت لە رێگەیەوە خزمەت بە كۆمەڵگا و وڵاتەکەی بکات داواشی کرد لەم جۆرە چالاکیانە بەردەوامبن. سەرەتای فێستیڤاڵەکە بە سرودێک لە لایەن یەکێک لە خوێندکارە بەهرەمەندەکانەوە دەستیپێکرد و پاشان فیچەرێک لەسەر کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکان نمایشکرا و دواتر چەند پارچە شیعرێک لەلایەن خوێندکارێکی دیکەوە پێشکەشەی ئامادەبوان کرا. هەر لە درێژەی چالاکیەکاندا شانۆگەرییەک لەلایەن گروپی نماوە نمایشکراو خەڵاتی براوەکانی بواری فۆتۆ و شیعر دابەشکرا و هەر لە لایەن رێکخەرانی فێستیڤاڵەکەوە خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە چەند مامۆستا و خوێندکارێک. |
News and events >
