بە دروشمی ژینگەیەکی ئاسانکراو، کۆمەڵگەیەکی لەخۆگر کۆنفرانسی زانستی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو کە تێیدا ٢٥ توێژینەوەی زانستی پێشکەشکران و کۆمەڵێک راسپاردەی گرنگ ئاراستەی حکومەت و دامودەزگاکانی پەیوەندیدارەکان کرا.
کۆنفرانسەکە بە هاوبەشی زانکۆی سلێمانی و رێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو کە هەردوو بەشی کۆمەڵناسی و کاری کۆمەڵایەتی کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان پێی هەڵسابوون بە سپۆنسەری میدیایی دەزگای میدیایی کوردسات.
کۆنفرانس بە سەرۆکایەتی پ.د. کۆسار محەمەد عەلی، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و بە سەرپەرشتی هەریەک لە پ.ی. د. پاڤێ جەمیل احمد، راگری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان و م. مەریوان وەهبی رەشید، سەرۆکی رێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی ١٢ی ٢٠٢٤ هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە هۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی سلێمانی کارەکانی کۆنفرانس دەستیان پێکرد کە تێدا نوێنەری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و هەر یەک لە د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د، کۆسار محەمەد عەلی، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە میوانان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
بەرنامەکانی کاری کۆنفرانس بە وتاری بەخێرهێنان و سرودی نیشتیمانی و وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد. و دواتر سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە وتەیەکدا بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و پیرۆزبایی لە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت کرد بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە و هیوای خواست سەرجەم خواست و داواکارییەکانیان بەدیبێت و داوای کرد گرنگی زیاتریان پێبدرێت و بە گرنگییەوە لە ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسەی روانی وەک یەکەمین کۆنفرانسی زانستی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و دەستخۆشی لە سەرپەرشتیارانی کۆنفرانسەکە کردو جەختیشی کردەوە کە زانکۆی سلێمانی وەک هەمیشە داکۆکیکار و پاڵپشتی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەبێت و کارئاسانییان بۆ ئەکات لە خوێندن و هەر پێداویستییەکی دیکە و بۆ ئەمەش دەرگاری زانکۆ واڵایە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکانی ئەم بوارە.
دواتر نمایشی کورتە ڤیدیۆیەک کرا بە ناونیشانی بۆچی کۆنفرانسی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت؟ ئامانج وگرنگی نمایشکرا کە تێیدا مەبەست و هۆکارەکانی ئەنجامدانی کۆنفرانسەکەی تێدا روونکرابوەوە.
دواتر وتاری سەرەکی کۆنفرانس لەلایەن عەتا محەمەد، نوێنەری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشکرا کە لە وتارەکەیدا جێگری سەرۆکی حکومەت خۆشحاڵی خۆی بە ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە دەربڕی و بە ئاماژەیەکی گرنگی زانی بە بەشداری کەسانی پسپۆڕ لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا هەروەها وتیشی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت کەسانی خاوەن بەهرەن و خاوەن لێهاتووین و دەبێت یارمەتی بدرێن بۆ ئەوەی سودیان لێوەربگیرێت هەروەها هیوای خواست کە ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە ببێتە هەنگاوێکی زانستی گرنگ بە ئاراستەی باشترکردنی ژیانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە هەتا حوکمڕانیمان باشتر نەکەین، دۆخی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت باشتر نابێت و بەڵێنیشدا کە ژیان و گوزەرانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت باشتر بکات.
لە بەشێکی دیکەی کارەکانی کۆنفرانسدا نمایشی هونەری ئۆرکسترای (لە دەنگە جیاوازەکان، یەک ئاوازتان بە گوێدا دەدەین) لەلایەن گروپی میوزیکی لیزا پێشکەشکرا کە ئەندامانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بوون و پارچەیەکی کاری هونەری جوان و ئاستبەرزییان پێشکەشی ئامادەبوان کرد کە بووە مایەی خۆشحاڵی و سەرسوڕمانیان.
دواتر چیرۆکی سەرکەوتنی (لە ئاڵنگارییەکان دەرفەتەکانمان بونیادنا) لەلایەن محەمەد بورهان پێشکەشکرا و پاشان پارچە ڤیدیۆیەکی دیکە بە ناونیشانی زانکۆی سلێمانی وەک نموونەی ژینگەیەکی ئاسانکراو، کۆمەڵگەیەکی لەخۆگر نمایشکرا.
نەمدی بەڵام هەستم پێکرد چیرۆکی سەرکەوتنی خاتوو کەنار بێباک بوو کە پێشکەشی ئامادەبوانی کۆنفرانسکرا
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکاندا بە ناونیشانی هەموومان بەشێکین لە سەرکەوتنەکانی زانکۆی سلێمانی ، ویسامی رێز بەخشرایە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی خاوەن پێداویستی تایبەتی زانکۆی سلێمانی.
دواتر لە پانێڵێکی تایبەتدا بەناونیشانی ( رۆڵی وەزارەتەکان لە باشترکردنی دۆخی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، کارەکان لە رابردوو، پلانەکان بۆ داهاتوو بۆ هەریەک لە وەزیرانی خوێندنی باڵا و وەزیری تەندروستی و نوێنەری وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بەرێوەچوو کە پانێڵەکە لەلایەن م. حیکمەت مەعروف بەڕێوەچوو. کە تێیدا تیشکییان خستەسەر کارەکانییان لە رابردوو هەروەها هەنگاوەکانیان بە ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە رووی خزمەتی تەندروستی و خوێندن وبوارەکانی دیکە.
پاشان لە دانیشتنەکانی تایبەت بە پێشکەشکردنی توێژینەوەکانی کۆنفرانس بەڕێوەچوون کە لە ٦ پانێڵی جیاوازدا زیاتر لە ٢٤ توێژینەوە لە بوارە جیاوازەکاندا پێشکەشکران هەریەک لەسەر بابەت و گرفتێکی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بوون.
لە کۆتاییداو لە مەراسیمی کۆتایی کۆنفرانسدا پێشنیار و راسپاردەکان لە چوارچێوەی چەند تەوەرێکدا خوێنرانەوە کە ئاراستەی دامودەزگا حکومیی و پەیوەندیدارەکان دەکرێن بە مەبەستی کارلەسەرکردنیان. و پاشان بە بەخشینی بڕوانامەی رێزلێنان بە توێژەران و ئەندامانی رێکخەری کۆنفرانس کۆتایی بە کارەکانی کۆنفرانسی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت هات.