کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی بە دوو چالاکی جیاواز یادی ١٢٦ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی بەرز و پیرۆز ڕادەگرێت.
سەرلەبەیانی ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی٤ی٢٠٢٤ بە سەرپەرشتیاری پ.ی.د.پاڤێ جەمیل ئەحمەد، ڕاگری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان و بە ئامادەبوونی پ.د.کاوە جەمال ڕەشید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و بە بەشداری ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکاران و ڕۆژنامەنووسان و کەسانی حزبی و حکومی، کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان یادی ١٢٦ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی دەکاتەوە کە دەکرێت بووترێت ٢٢ی٤ ڕۆژێکی مێژووییە لە بواری ڕۆژنامەگەری کوردی.
لە چالاکی یەکەمدا؛ لە ژێر سەرپەرشتی پ.ی.د.پاڤێ جەمیل ئەحمەد و بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، خاتوو تابان گەرمیانی پێشانگایەکی دکیۆمێنتاری کردەوە کە تایبەت بوو بە بزووتنەوەی ڕۆژنامەوانی ژنان لە باشوری کوردستان لە ماوەی ساڵانی ١٩٩١بۆ ٢٠١٥، تابان گەرمیانی ڕایگەیاند؛ ئەم پێشانگایە باس کارکردن و ڕۆڵ و هزری ژنان دەکات لە چوارچێوەی کاری میدیایی، هەروەها دەست خۆشی کە ڕاگرایەتی کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان کرد کە توانی لەم ڕێگەوە ڕۆڵ و کارایی و کارامەیی ژن پیشان بدات لە بواری میدیا و بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە تایبەتن بە دۆسیەی ژن.
هەروەها لە هۆڵی کۆماری کوردستان بە ئامادەبوونی ڕاگری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان و پ.د.کاوە جەمال ڕەشید و ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی ئەکادیمی و مامۆستایان و خوێندکاران و ڕۆژنامەنووسان و کەسانی حزبی و حکومی بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان چالاکی دووەم دەستی پێکرد، لە سەرەتادا پ.ی.د.پاڤێ جەمیل ئەحمەد، ڕاگری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و ڕایگەیاند؛ لێرەوە دەمەوێت پرۆزبایی ئەم ڕۆژە مەزەنە لە خۆم و مامۆستایان و خوێندکارانی خۆشەویست بکەم، هیوای خواست کە ئەوان وەک لایەنی ئەکادیمی بتوانن خزمەتێکی زۆر بە بواری ڕۆژنامەگەری کوردی بکەن، کە دەکرێت بە کۆڵەکە و بنەمای بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە دابنرێت.
هەروەها ووتیشی؛ ئێمە وەک کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان بەردەوام لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەداین لە ڕێگەی پێگەیاندنی کادری میدیایی، چونکە لە ڕابردوو لە ئێستاشدا میدیا ڕۆڵ و کاریگەری لەسەر بەرەوپێشچوونی بیر و هرز و هۆشیاری تاکدا دەبێت، پ.ی.د.پاڤێ جەمیل ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا کە ئێمە لە ئێستادا خەریکی ئامادەکارین بۆ ئەنجامدانی کۆنفڕانسێکی زانستی نێودەوڵەتی لە بواری کۆمەڵناسی کە بڕیاروایە لە کۆتایی مانگی ٤ لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەبچێت.
دواتر بەشی ڕاگەیاند؛ بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەیەکی واقعیانە بۆ دۆخی میدیای کوردی پانێڵێکی دەربارەی ” کورد و کوردستان لە بایەخی رۆژنامەوانی بیانیدا” لە هۆڵی کۆماری کوردستان” سازکرد لەلایەن بەڕێزان.
١- پ.د.یاسین خالد سەردەشتی …کورد و کوردستان لە رۆژنامە و چاپەمەنی عوسمانیدا.
٢- پ.د.ابراهیم سعید فتح الله …کورد لە بازنەی دیبلۆماسیەتی رۆژنامەوانی زلهێزەکاندا.
٣- پ.ی.م.ئاشتی حەمەسالح… ئەرک و پێداویستی ڕاگەیاندن لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا.
٤- پ.ی.د.بەرهەم خالد احمد… رۆژنامەگەری کوردی؛ دەرفەت و ئاڵنگارییەکان.
٥- پ.ی.م.بەناز حەمە رشید … بەڕێوەبەری پانێڵ.
لەکۆتایی پانێلەکەدا دەرگای پرسیارکردن بۆ بەشداربووان کرایەوە و توانیان ڕاوبۆچوون و تێڕوانینی خۆیان دەربارەی بابەتەکە دەرببڕن و پرسیار ئاڕاستەی پانێڵستەکان بکەن.