بە بۆنەی بەرز ڕاگرتنی بۆنەکانی ڕاپەڕین و بەهار و نەورۆز و ڕۆژی جلی کوردی و ژنان وەک نەریتێکی ساڵانەی کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتیەکان، ئەم ساڵ تایبەتتر لە ساڵانی ڕابردوو لە ژێر چاودێری پ.ی.د.پاڤێ جمیل احمد ڕاگری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی کۆلێج لە پای ئەرک و ماندووبوون و دڵسۆزیان لە ڕاییکردنی کارە ئیداری و کارگێڕییەکان.
سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ٣ ی ٢٠٢٤ بە سەرپەرشتی پ.ی.د.پاڤێ جمیل احمد ڕاگری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان و بە ئامادەبوونی زۆر بەڕێز پ.د.کۆسار محمد سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و هەریەک لە بەڕێزان د.کاوە جمال و د.پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و خوێندکاران و د.شاخەوان ڕاگری کۆلێجی زمان و بەڕێوەبەری کارگێڕی زانکۆ و ڕاگەیاندن و هەمە ئاهەنگی زانکۆی سلێمانی و بە بەشداری مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی ئەزیز لە هۆڵی کۆماری کوردستان چالاکییەکی بێ وێنە ئەنجامدرا.
سەرەتای مەراسیمەکە لە ژێر مارشی نیشتمانی ”ئەی ڕەقیب” و بەساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان پ.ی.د.پاڤێ جمیل احمد ڕاگری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە ووتارێکدا وێڕای بەخێرهاتنی سەرۆکی زانکۆ و سەرجەم ئامادەبووان ڕایگەیاند؛ جێگەی خۆیەتی لەم بۆنە گەورە و پیرۆزەدا سپاس و پێزانین و ڕێزی خۆمان وەک ڕاگرایەتی ئاڕاستەی تەواوی فەرمانبەران بکەین. ووتیشی؛ فەرمانبەران توانیویانە ماندوونەناسانە و زۆر دڵسۆزانە سەرەڕای قەیرانەکان هەمووکات بۆ خزمەتی کۆلێج و زانکۆمان درێخیان نەکردووە، هەروەها ووتیشی؛ هەمیشە فەرمانبەران زۆر بەرپرسیارانە هاوکار و پشتیوان و لە خۆبووردوو بوون لە خزمەتکردندا، بۆیە ئێمە وەک ڕاگرایەتی کۆلێج بە هاوکاری ئەندامانی ئەنجوومەن و بەڕێوەبەری خۆیی و فەرمانبەران و مامۆستایانی دڵسۆز و بە پشتیوانی سەرۆکی زانکۆ توانیمان ئەم مەراسیمە پڕ لە شکۆیە ڕێکبخەین.
دواتر پ.د.کۆسار محمد سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە ووتارێکدا؛ پیرۆزبایی ٨ی مارس و بۆنەکانی نەورۆز و بەهار و ڕۆژی جلی کوردی و هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران کرد و ڕایگەیاند؛ فەرمانبەران ڕۆڵی گرنگ و کارایان هەیە لە بەڕێوەبردنی زانکۆ و هەمیشە جێ پەنجەیان لە بەرەوپێشچوونی زانکۆدا هەبووە، هەروەها دەست خۆشی لە ڕاگرایەتی کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان کرد لە ئامادەکردنی ئەم مەراسیمە و پیرۆزبایشی لە بەشی جوگرافیا کرد کەوەک یەکەم بەش لە کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان دامەزراوە.
پاشان پارچە ڤیدیۆیەک کە تایبەتبوو بە مێژووی کۆلێج لەلایەن بەشی ڕاگەیاندن و بە سەرپەرشتی پ.ی.د.کاروان عبدالله محمد ئامادەکرابوو پێشکەش بە ئامادەبووان کرا، دواتر خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ژمارەک لە فەرمانبەری ماندوونەناس و لێپرسراوی هۆبەکان و لە کۆتادا بە نیوەڕۆ خوانێک و هەڵپەڕکێی ڕەسەنی کوردی بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم یادە مەزنە کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.